كوردیو هۆكاری دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ له‌كاتی خۆی ئاشكرا ده‌كات

چوار شەممە, 19 ئەیلول 2018 06:44

له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی شه‌ش كه‌ تاوه‌كو ئێستا چه‌ند وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌یه‌ك مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌ ئه‌ویش له‌ كاتی خۆی دابه‌شنه‌كراوه‌، بۆیه‌ تا ئه‌مڕۆكه‌ش به‌غدا بڕی 317 ملیاردیناره‌كه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی نه‌ناردووه‌،

به‌پێی زانیاریه‌كان ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی به‌غدا دوا بكه‌وێت دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كانی تر كه‌ ماوه‌ مووچه‌ وه‌ربگرن زیاتر دوا ده‌كه‌وێت.

هه‌رچه‌ند رۆژی دوو شه‌ممه‌ چه‌ند میدیایه‌كی هه‌رێم هه‌والی گه‌یشتنی 317 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدایان بڵاوكرده‌وه‌ به‌ڵام به‌پێی به‌دواداچونی ماڵپه‌ری كوردیو تاوه‌كو ئێستاش پاره‌كه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌رێم، ئه‌و پاره‌یه‌ش كه‌ رۆژی یه‌كشه‌م له‌سه‌ر دووشه‌م گه‌یشتبووه‌ هه‌رێم پاره‌ی جوتیاران بووه‌.

به‌پێ لێدوانی به‌رپرسانی هه‌رێم : نه‌گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا بۆته‌ هۆكاری دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ شێوه‌یه‌كی رێك و پێك ،  تا ئێستاش بەشێكی زۆری وەزارەتەكان مووچەیان وەرنەگرتووە و پڕۆسەكە بەشێوەیەكی خاو بەڕێوەدەچێت و ئەمەش نیگەرانی فەرمانبەرانی لێ‌ كەوتۆتەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاری دابوو، كە 30 ڕۆژ جارێك مووچە بداتە فەرمانبەران، بەڵام چەند وەزارەتێك ئەو وادەیە تێپەڕیوە بەسەر مووچەی مانگی ڕابردووی و هێشتا كاتی پێدانی مووچەی لەم مانگەدا دیاری نەكراوە.

هه‌روه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری دارایی چه‌ندین جار به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان به‌ فه‌رمانبه‌راندا كه‌ (30) رۆژ جارێك، فه‌رمانبه‌ران مووچه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام  حكومەتی هەرێم پابەندی بەڵێنەكەی خۆی نەبوو بۆ پێدانی مووچە بە 30 ڕۆژ جارێك.