كورد بەبەدەستهێنانی نیوەی پۆستەكانی كەركوك رازی نابێت

هەینی, 21 ئەیلول 2018 05:42

 

 

كورد دابەشكردنەوەی پۆستەكانی كەركوك بە یەكسانی و بەرێژەی (32%) بۆ هەر پێكهاتەیەك رەتدەكاتەوە، لەكاتێكدا عەرەب و توركمان پشتگیری لەو میكانیزمە دەكەن.

(ئەحمەد عەسكەری) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەكوتلەی كوردی، بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، بەهیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باری ئەوەی كە پۆستەكانی كەركوك بەیەكسانی بەسەر كوردو عەرەب و توركماندا دابەش بكرێت.

وتیشی، دەبێت پۆستەكان لەسەر بنەمای ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دابەش بكرێن، كورد لەدوا هەڵبژاردندا (50%) ی دەنگەكانی كەركوكی هێناوەو دەبێت (50%) ی پۆستەكانیشی بەربكەوێت.

(راكان جبوری) پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، دەیەوێت پێش دەست بەرداربوونی لەپۆستی پارێزگاری كەركوك و دەست بەكاربوونی وەكو پەرلەمانتاری عێراق، پۆستەكان بەیەكسانی دابەش بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكاندا كۆبۆتەوە.

(ئیسماعیل حەدیدی) سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی سیاسی عەرەبی لەكەركوك رایگەیاندووە، ئێمە دەمانەوێت لەپاڵ دابەشكردنەوەی پۆستەكاندا بەیەكسانی، ئەو كەسانەش پۆست وەردەگرن لێوەشاوەو بەتوانابن.

هەوڵەكانی عەرەبی سونەو توركمان بۆ بەیەكسانی دابەشكردنەوەی پۆستەكانی كەركوك، لەكاتێكدایە لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، كورد (6) كورسی لەكۆی (12) كورسی بردۆتەوە، عەرەب و توركمانیش سەرو سێ كورسیان بەدەست هێناوە.

 

 

ئـ . كـ