پۆلیس رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو كەسە بڵاوكردەوە بە دەمانچە لە گەنجێك دەدات

هەینی, 21 ئەیلول 2018 16:11

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركردووە كە لە گەنجێك دەدات و سەر بە هیچ بەرپرسێكیش نیە.
لە رونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (كوردیو) نێدراوە، پۆلیس باسی لەوەكردووە، كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارە دەكرێت و رۆژی 13ی ئەم مانگە دەستگیركراوە.
دەقی رونكردنەوەكە:

رونكردنەوەیەك سەبارەت بە دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی بەدەمانچە هێرش دەكاتە سەر گەنجێك

سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییەی لەدوو رۆژی رابردوودا لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوەو تیایدا تۆمەتبارێك هێرش دەكاتە سەر هاووڵاتییەك، بەپێویستی دەزانین كە هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگاداربكەینەوە، كە ئەو تۆمەتبارە لە رووبەرووبوونەوەیەكدا لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە لەڕۆژی 13-9-2018 لەڕوبەڕوبونەوەیەكدا دەستگیركراو هەمان رۆژیش هەواڵی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە لە لاپەڕەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە.
جارێكی تر هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لەپاراستنی ئاسایش و سەروماڵیان ورێگە بەهیچ كەسێك نادەین یاسا پێشێل بكات.

بۆیە لێرەدا بەپێویستی دەزانین بۆ بەرچاوڕونی هاوڵاتیان ڕونیبكەینەوە كە :
– تۆمەتبار سەر بە هیچ بەرپرسێك نیە .
– داوا دەكەین هەر هاوڵاتییەك سكاڵای لە تۆمەتباری ناوبراو هەیە لە نزیكترین بنكەی پۆلیسی شوێنی نیشتەجێبونی سكاڵای یاسایی تۆمار بكات .
-سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هێزەكانی 70 دەكەین كە زانیاری وردیان لەسەر تۆمەتبار پێداین بۆ دەستبەسەركردنی .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان