كاتی دابه‌شكردنی مووچه‌ی 16 وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ راگه‌یه‌نرا

شەممە, 22 ئەیلول 2018 07:45

به‌پێی خشته‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، رۆژانی یەكشەممەو دووشەممەو سێشەممە مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەشدەكرێت.

بە پێی ئەو خشتەیەی له‌ وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ دەست كوردیو كەوتووە رۆژی یەكشەممە 23ی ئەیلول مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا و ئەنجوومەنی ئاسایش و بەرگری و فریاكەوتن دابەشدەكرێت.

هەروەها رۆژانی دووشەممە و سێشەممە مووچەی وەزارەتەكانی (كاره‌با، رۆشنبیری، شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، پلاندانان، بازرگانی و پیشه‌سازی، گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن، وەزارەتی کشتوکاڵ، ده‌سته‌ی ژینگه‌، ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەزگای گشتی کاروباری مین، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم)، ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ماون دابه‌شده‌كرێت.

لە خشتەكە ئەوەش رونكراوەتەوە كە ئەگەر رۆژی سێشەممە مووچەی خانەنیشنی سەربازی بە تەواوی دابەشنەكرا، ئەوا رۆژی چوارشەممە مووچەكەیان بدرێت و لە هەمان رۆژ و رۆژی دواتریش (پێنج شەممە) مووچەی خانەنشینی شارستانی دابەشبكرێت.

لە خشتەكە رۆژی پێنجشەممە وەك دوا وادەیه بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران دیاریكراوە.

تائێستا مووچه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، یه‌كه‌ی 70 و 80، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، دارایی و ئابوری، وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، سامانه‌ سروشتییه‌كان،وه‌زاره‌تی داد، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، خوێندنی باڵا، ئه‌وقاف، كشتوكاڵ دابه‌شكراوه‌.