زۆرترین زانیاری له‌سه‌ر "ئاراس شێخە" بزانه‌

شەممە, 22 ئەیلول 2018 08:09

سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لە روونكردنەوەیەدا زانیاری لەبارەی ئەو كەسە بڵاودەكاتەوە كە سوكایەتی بە كرێكارێك دەكات و رایدەگەیەنێت "لە چەند دۆسیەیەکی دیكەی تاوانکاریدا داواکراوە".

  لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هۆکارەکانی راگەیاندن گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە کە کەسێك بەلێدان و سوکایەتی دەستدرێژی دەکاتە سەر هاووڵاتییەك. ئاگاداری هەموولایەك دەکەینەوە کە تۆمەتبار بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە لە رۆژی 2018/9/13ـەوە دەستگیرکراوە و ئێستا دەستبەسەرە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە چەند دۆسیەیەکی تری تاوانکاریدا داواکراوە، وە هەموو رێکارێکی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەكراوە: "دادگای سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی کە بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە پێشێلکردنی یاسا و یاساشکێنی ناکەین و ئیجرائاتی قانوونی تەواو دژی هەر کەس و لایەنێك دەگرینەبەر کە ئاژاوەگێڕی بکات و یاسا پێشێل بکات، وە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی یاسایی هەموو مرۆڤێك بێ جیاوازی، ئەمەش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ".

 

نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، له‌ رۆژی 13ی ئه‌یلووله‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

تۆمه‌ته‌كانی

به‌ گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت، ده‌یان سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تباره‌ تۆماركراون و چه‌ندین جاریش مه‌فره‌زه‌كانی ئاسايش و پۆلیسی سلێمانی هه‌وڵی ده‌ستگیركردنییان داوه‌، به‌ڵام به‌ گوته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، له‌لایه‌ن "به‌رپرسێكی دیارى سلێمانی"ه‌وه‌ داڵده‌ دراوه‌.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ خزمی "شه‌هیدێكی فه‌رمانده‌ی یه‌كێتییه‌"، به‌رپرسه‌كه‌ له‌سه‌ر نزیكه‌ی 100 سكاڵای زاره‌كی خه‌ڵك، لای خۆی ده‌ستبه‌سه‌ری كردبوو، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك ئازادی كرد.

هۆكاری ده‌ستگیركردنی

سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، "ئاراس عوسمان"، مامه‌ڵه‌ی ئۆتۆمبێلی له‌گه‌ڵ خزمێكی ئه‌واندا كردووه‌، سه‌ره‌تا ئاراس ئۆتۆمبێلێكی جۆری تیۆیۆتا هایلۆكس – پیكاپ (كه‌ به‌ مه‌رزیه‌ ناسراوه‌) و "دزیاری" بووه‌ هێناوه‌ و به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پاترۆل سه‌ودایان پێكردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پیكابه‌كه‌ دزیاری بووه‌ و له‌ سلێمانی به‌ ساڵیانه‌وه (سه‌نه‌وی)‌ دزرابوو، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، ئه‌وان نه‌یانزانیوه‌ دزیارییه‌ بۆیه‌ پیكابه‌كه‌ و بڕی 7 هه‌زار دۆلار (70 وه‌ره‌قه‌)یان لێوه‌رگرتووه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا نیسان پاترۆله‌كه‌یان پێداوه‌، كه‌ مۆدێلی 2016یه‌ و به‌ "بێریڤان" ناسراوه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاتێك بۆ به‌ناوكردنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌چنه‌ سلێمانی، له‌وێ پۆلیس ده‌ست به‌سه‌ر پیكابه‌كه‌دا ده‌گرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی بۆ ماوه‌ی 4 رۆژ ده‌ستگیر ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ دزیاری بووه‌ و خاوه‌نی یه‌كه‌می سكاڵای تۆمار كردووه‌.

له‌ولاش "ئاراس عوسمان"، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی ئه‌وانی كه‌ له‌به‌رامبه‌ر پیكاب و 7 هه‌زار دۆلاره‌كه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ كه‌سێكی ده‌فرۆشێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ئێستا ئه‌وان خاوه‌نی هیچ یه‌كێك له‌ ئۆتۆمبێه‌كان نین و بوونه‌ته‌ قوربانی "كرده‌وه‌كانی ئاراس"، چونكه‌ پێكابه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ و پاترۆله‌كه‌ش ئه‌و كه‌سه‌ی ئێستا له‌لایه‌تی ده‌ڵێت كڕیومه‌.

روونیشی كرده‌وه‌، ئێستا ئه‌وان سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن سكاڵا تۆماربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ریبگرنه‌وه‌.

چۆنیه‌تی ده‌ستگیركردنی

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكرای ده‌كات، ئه‌وان خزمی شه‌هیدێكی فه‌رمانده‌ن، توانیویانه‌ "گوشار" بخه‌نه‌ سه‌ر به‌رپرسانی ئه‌منی پارێزگای سلێمانی و تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیربكه‌ن.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌وان له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌وڵیان ده‌دا زانیاری له‌ باره‌ی شوێنی تۆمه‌تباره‌كه‌ بزانن، تا دواجار بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵه‌ و به‌ نیازه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ زانیارییان داوه‌ته‌ پۆلیس و ئاسایش.

پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی، رۆژی 13ی ئه‌یلوول/ سێتێمبه‌ری 2018، مه‌فه‌ره‌زه‌یه‌كی هاوبه‌شیان پێكهێنا و توانییان ئاراس عوسمان، بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ئاماده‌ نابێت خۆی راده‌ستی پۆلیس و ئاسایش بكات و ته‌قه‌یان لێده‌كات، له‌ ئاكامیشدا، پۆلیسێك و ئاسایشێك بریندار ده‌كات و خۆیشی به‌ برینداری ده‌ستگیر ده‌كرێت.