یەكێتی بێ دەنگی بەرامبەر پارتی شكاند و هەڕەشەی بڕیاری تاكلایەنە دەكات

یەک شەممە, 23 ئەیلول 2018 06:20

 


مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەرامبەر چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا بێ ئاگاداری ئەوان و لەسەر پرسی دیاری كردنی یەك كاندید، لە بەیانامەیەكدا ڕایگەیاند لە ڕاگەیاندنەوە هەواڵەكەیان بیستووە پێچەوانەی هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی بە یەك تیم بچنە بەغدا، بۆە ئەوان تاكلایەنە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.


لە ڕاگەیەنراوەكەی یەكێتیدا هاتووە" لەڕۆژی یەكەمی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای یەك هەڵوێستی و چوونە بەغدا بە یەك تیمی لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئیستحقاقاتی میللەتەكەمان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەڵام بە پێچەوانەی یەك هەڵوێستی، ئەمڕۆ 22-9-2018 لە دەزگاكانی راگەیاندنەوه ‌گوێبیستی هەواڵی چوونە بەغدای وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووین كە بەسەرۆكایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە چوونەتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بە تایبەت پۆستی سەرۆككۆمار، پاش ئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەربژێری خۆی دیاریكردوە بۆ ئەم پۆستە كە (دكتۆر بەرهەم صالح)ە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەكاتی هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمان و جێگرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە گفتوگۆی كردبوو لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان".


هەروەه هاتووە" هەرچەندە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا ئەم ساتەش رێكارە یاساییەكانی نەگرتۆتەبەر بەمەبەستی تۆماركردنی بەربژێرەكەی بەپێی یاسایی پەیڕەوكراو وەكو چاوەڕوانییەك بۆبەدەستخستنی یەك هەڵوێستی، بەڵام ئەم كارەی برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەك ریزی ناو ماڵی كورد و یەك هەڵوێستی نایەتەوە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سۆنگەی باوەڕی بە ئیستحقاقاتی سیاسی گەلەكەمان هەڵئەسێ بەكاری پێویست بۆ ڕاییكردنی سەرجەم كارە سیاسی و یاساییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق بۆ بەربژێرەكەی خۆی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی نوێ لە بەغدا، هەرچەندە هەوڵماندا پێكەوە بكەوینەوە گفتگۆ بۆ ئەم مەبەستە بەڵام جێگای سەرسوڕمانە كە برایانی پارتی هیچ جۆرە ئامادەییەكیان بۆ ئەو مەبەستە دەرنەبڕی، "