چەند خزمەتگوزارییەكی نوێ بۆ پاسپۆرت زیاد دەكرێت

یەک شەممە, 23 ئەیلول 2018 06:43

حكومەتی عیراق چەند خزمەتگوزارییەكی نوێ بۆ دەركردنی پاسپۆرت زیاد دەكات، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانیش روونكردنەوە لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە دەدات.

عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، دوو خزمەتگوزاری نوێ بۆ دەركردنی پاسپۆرت چالاككراوە، خزمەتگوزاری یەكەمیان پێی دەوترێت خزمەتگوزاری خێرا، ئەگەر هاووڵاتییەك بیەوێت لەماوەی چەند سەعاتێكدا پاسپۆرتی پێبدرێت، دەتوانێت بەسود وەرگرتن لەو خزمەتگوزارییە، بەماوەی چەند سەعاتێك پاسپۆرتەكەی وەربگرێتەوەو لەبەرامبەردا بڕی 250 هەزار دیناری وەك روسومات لێوەردەگیرێت.


ناوبراو وتیشی: "هەموو هاووڵاتییەك ئەگەر پاسپۆرتەكەی ساڵێك كەمتری تێدا مابێت، بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە دەتوانێت نوێی بكاتەوە، بەڵام ژمارەیەك هاووڵاتی دیكە هەن پاسپۆرتەكەیان ساڵ زیاتری تێدا ماوە، دەیانەوێت بەبێ هیچ هۆكارێك نوێی بكەنەوە، لەبەرئەوەی حكومەتی عیراق ناچار نییە بەنوێكردنەوەكەی".


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، "حكومه‌تی عێراق خزمەتگوزارییەكی نوێی داناوە، ئەویش ئەوەیە كە دەتوانێت نوێی بكاتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا بڕی 200 هەزار دینار رسومات بدات".


عەمید سالار عەبدوڵا سەبارەت بەو كەسانەی پاسپۆرتەكانیان وون دەكەن، یان لەسەری دەنووسرێت، یاخود تێكدەچێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بەپێی یاسای عیراقی، ونكردن و دڕاندن و نوسین لەسەر پاسپۆرت بەتاوان ئەژمار كراوە، لەبەرامبەر ئەوەی زیندانی نەكرێت، بەبڕی 250 هەزار دینار غەرامە دەكرێت و پاسپۆرتەكەشی وەردەگرێتەوە، كە ئەوەش لەلایەن دادوەروە بڕیاری لەسەر دەدرێت.