ڕۆژنامەنوسێك: ئەو كەسەی میدیای یەكێتی پیشانیدا، چەكدارە تاوانبارەكەی یەكێتی نیە

یەک شەممە, 23 ئەیلول 2018 07:46

 

ڕۆژنامەنوسێك لەشاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: ئەوكەسەی تیڤی یەكێتی پیشانیدا ئاراسی شێخە نیە و ئاراسی شێخە هەفتەی پێشوو لەڕوبەڕوبونەوەیەكدا لەگەڵ پۆلیس برینداربوەو دوو فیشەكی پێوەیە.

 


سەباح عەلی قارەمان ڕۆژنامەنوس ، پێشتر لە میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان كاری ڕۆژنامەوانی كردوە لە لاپەڕەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" ئەوكەسەی تیڤی یەكێتی پیشانیدا ئاراسی شێخە نیە".

 


هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد: بە گوێرەی زانیاریەكی ورد ئەو كەسەی شەوی ڕابردوو تیڤی یەكێتی پیشانیدا كەسێكیترە، هەربۆیە دەم و چاوی پیشان نەدرا.

 


ئەو ڕۆژنامەنوسە ئەوەشی خستەڕوو: ئەو كەسەش كە پیشاندرا لە گەڵ باندێكیتردا كاری كردوە و گیراوە، ئاراسی شێخه هەفتەی پێشوو لە لە ڕوبەڕوبونەوەیەكیدا لەگەڵ هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی برینداربوەو دوو فیشەكی پێوەیە و دەستگیركراوە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و نەقیبێك و دوو پۆلیسیشی بریندار كردوە.

 


بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیەی كەمیدیای یەكێتی بڵاوی كردەوە دەردەكەوێت ئەو كەسەی لێدوانی لێوەرگیراوە بریندار و هیلاك دەرناكەوێت و ڕۆژنامەنوسەكە دەستی خستۆتەسەر شانی.

 

لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا ئاراسی ئێخە بەچەكداری یەكێتی ناسێندراوەو پێشتر پێشمەرگەی یەكێتی بوەو پاسەوانی چەند بەرپرسێك بوەو وێنەكانیشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبەدا بڵاوكراوەتەوە. 

 


جێگای ئاماژەبۆكردنە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆی بڵاوكرایەوە كە ئاراسی شێخە بە دەمانچە دەدات لەهاوڵاتیەك و پاشان سوكایەتی پێدەكات و ڕوداوەكە كاردانەوەی لێكەوتوە و بەشێك لە هاوڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڕخنەیان لە ئارامی و ئاسایشی شاری سلێمانی گرت.

 

 

 

 

 

س ب