كوردیو نوێترین زانیاری لەبارەی مووچە نەدراوەكانی ئەمساڵ بڵاودەكاتەوە

سێ شەممە, 25 ئەیلول 2018 06:21

لەدوای دەستكاری كردنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و باش بوونی بارودۆخی دارایی هەرێم، ماوەی چەند مانگێكە حكومەتی هەرێم بەسیستەمی نوێ مووچە دابەش دەكات، بەڵام چارەنوسی سێ مووچەی یەكلا نەكردۆتەوە.

بڕیارە لە ٥ی مانگی (10) حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی ته‌مموز دابەش بكات و بەم پێیەش تاوەكو مانگی ١٢ی ئەمساڵ حكومەت مووچەی مانگی 9 دابەش دەكات و تاوەكو ئێستاش نازانرێت مووچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ئەمساڵ چارەنوسی چی دەبێت.

بەپێی زانیاریەكانی (كوردیو) حكومەت چارەنوسی ئەم سێ مووچەیەی هێشتۆتەوە بۆ كۆتایی ئەمساڵ و ئەو كاتە بڕیار لەسەر مووچەی ئەو سێ مانگە دەدرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو بژاردانەی لەبەر دەستی حكومەتی هەرێمن لەئەگەری باشتربونی دۆخی دارایی هەرێم پڕۆسەی دابەشكردنی مووچە خێراتر بكات و ئەو مووچانەش لەنێوان مانگەكان دابەش بكات تا ساڵی ئایندە، یان حكومەت لەسەر ئەم سیستەمەی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەساڵی ئایندە مووچەی ئەم سێ مانگە دابەش دەكات پاشان دەست دەكات بەدابەشكردنی مووچەی ساڵی ٢٠١٩.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دراون بە (كوردیو) بژاردەی كۆتایی ئەوەیە دوای پەسەندكردنی بودجە، حكومەت بڕیار بدات ئەو سێ مووچەیەش هاوشێوەی ساڵەكانی ڕابردوو پاشەكەوت بكات و لەسەرەتای ساڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی ١ دەست پێ بكات.