پێش ئه‌وه‌ ده‌نگ بده‌یت وێنه‌ت ده‌گیرێت

سێ شەممە, 25 ئەیلول 2018 11:00

بەپێی بڕیارێکی نوێی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێم، دەبێت پێش دەنگدان وێنەیەکی دەنگدەر و ئەو بەڵگەنامەیە بگیرێت کە دەنگی پێدەدات، ئەوەش بەئامانجی توندترکردنی رێوشوێنەکانی ئەنجامدانی ساختەکاری.

کۆمسیۆن ئەمڕۆ کۆبووەوە و تیایدا چەند بڕیارێکی لەبارەی ڕۆژی دەنگدانەوە دەرکرد و یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە کە دەبێت پێش دەنگدان وێنەیەکی دەنگدەر و ئەو بەڵگەنامەیە بگیرێت کە دەنگی پێدەدات.

ڕوونیشیکردووەتەوە، وێنەکە لەلایەن فەرمانبەری وێستگەوە دەپارێزرێت و لە کۆمپیوتەری تایبەت بەو بنکەیە هەڵدەگیرێت.

کۆمسیۆن بڕیاریداوە ئەگەر بەڕێوەبەری وێستگە یان هەر فەرمانبەرێکی دیکە کە گرێبەستی کردووە بکشێتەوە و کارەکەی بەباشی نەکات، ئەوا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

هاوکات بەپێی بڕیارێکی دیکەی کۆمسیۆن، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی جیاکردنەوەی هەژمارکردنی دەنگەکان و تۆمارکردنی لەسەر فۆرمی ژمارە ٥١، بەڕێوەبەری وێستگە دەبێت زانیاری لەسەر ناوی سیانی خۆی، ناوی بنکە، ژمارەی بنکە، ژمارەی وێستگە بدات و دواتر ناوی قەوارەکان و دەنگە بەدەستهاتووەکانیان بخوێنێتەوە، هەموو ئەمانەش بە شێوەی ڤیدیۆیی تۆماردەکرێن.




ف.ق