له‌باره‌ی‌ مووچه‌ی‌ خانه‌نشینانەوە بڕیارێکی نوێ ده‌دەچێت

شەممە, 06 تشرینی یەکەم 2018 05:35

 

روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ مووچه‌ی‌ خانه‌نشینییەوە ده‌درێت و بڕیارێكی نوێ بۆ ئه‌و موچه‌خۆرانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ له ‌دایكبووی‌ ساڵی‌ 1955ن و له 2018/7/1 ی ئه‌مساڵدا خانه‌نشینكراون.

عه‌زیز عه‌لی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خانه‌نشینی‌ پێشمه‌رگه‌ له ‌سلێمانی‌ رایگه‌یاندووە: "ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی‌ ئه‌مساڵ خانه‌نشین ده‌كرێن مامه‌ڵه‌كانیان له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ بۆ ده‌كرێت و دواتر ره‌وانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ خانه‌نشینی‌ ده‌كرێت و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتیی‌ خانه‌نشینی‌ له ‌هه‌ولێر ده‌نێرێت و فه‌رمانی خانه‌نشینان بۆ ده‌رده‌كرێت".

 

ئەو بەڕێوەبەرە راشیگه‌یاندوه‌ : "به‌ڵام ئه‌و رێكاره‌ ئیداریی و یاساییانه‌ ماوه‌یه‌كی‌ ده‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ئێمه‌ داوامانكردووە ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ خانه‌نشین ده‌كرێن راسته‌وخۆ له ‌فه‌رمانگه‌كه‌ی‌ خۆیانەوە كاری‌ پێویستیان بۆ بكرێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تی‌ دارایی ئه‌و پێشنیازه‌ی‌ ره‌تكردووەته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌ کە فه‌رمانی خانه‌نشینبوونی‌ ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر".

 

دەشڵێت: "ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ له ‌دایكبووی‌ ساڵی 1955 ن و له‌2018/7/1دا خانه‌نشینبوون، به‌شێوه‌ی‌ پاشكۆ (ملحق) لیستی‌ مووچەیان‌ بۆ ئاماده‌ده‌كرێت و هه‌ركاتیش مووچه‌ی‌ مانگی‌ 11ی‌ خانه‌نشینان دابه‌شكرا، ئه‌وانە مووچه‌یان پێده‌درێت".

 

دەشڵێت:" له‌ئێستادا خانه‌نشیانی مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازیی مووچه‌ی‌ مانگی‌ 9 وه‌رده‌گرن و هه‌ركاتیش گه‌یشته‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 11، ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ ئه‌مساڵ خانه‌نشینكراون مووچه‌ی‌ مانگی‌ 11 وه‌رده‌گرن و وه‌ك پێشتر مووچه‌ی‌ چه‌ند مانگێكیان دواناكه‌وێت".