کەشناسی وادەی دەستپێکردنی باران بارینی راگەیاند

سێ شەممە, 09 تشرینی یەکەم 2018 06:58
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم خشتەی دەستپێكردنی باران بارینی 10 ساڵی رابردووی هەرێمی بڵاوكردەو.
 
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، خشتەی دەستپێكیردنی وەرزی باران بارینی لە 10 ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەگشتی وادەی بارانبارین دەكەوێتە دوای رێكەوتی 23ی9، كە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی پایز، بەڵام هەندێك ساڵ باران بارین لە پێش ئەم وادەیەوە باریوە، وەكو ساڵی 2015 - 2016دا لە رێكەوتی 6ی9 باران بارین دەستیپێكردووە و بە زووترین وادەی دەستپێكردنی وەرزی بارانیش دادەنرێت لە 10 ساڵی رابردوودا و لە سەنتەری پارێزگاكانی هەولێر500 ملم، سلێمانی860 و دهۆكیش 614 ملم باران باریوە.
 
هەروەها ئەوەشخراوەتەڕوو، كەمترین رێژەی باران بارینیش لە ساڵی 2008 - 2009 بووە، كە لە هەولێر288 ملم، سلێمانی347 و دهۆكیش 430 ملم باران باریوە.

کەشناسی باسی لەوەشکردووە، ساڵی 2017 - 2018 بەدرەنگترین ماوەی دەستپێكردنی باران بارین دادەنرێت لە 10 ساڵی رابردوودا، كە لە رێكەوتی 2017/10/30دا لەتەواوی ناوچەكاندا بارانبارین دەستیپێكرد، هەروەها لەبەر رۆشنایی ئەم بنەمایەش، پێشبینی دەكرێت دەستپێكی بارانبارین لەمساڵدا لە ساڵی پار زووتر دەستپێبكات.