حكوومەتی هه‌رێم سێ رێگای گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە ئاشكرا دەكات

سێ شەممە, 09 تشرینی یەکەم 2018 10:20

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان باس لە سێ سیناریۆی حكوومەت دەكات بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە بۆ فەرمانبەران.


نەورۆزقازی، سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاندوه‌ بۆ دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان بۆ فەرمانبەران چەند سیناریۆیەك هەیە، گوتی:" كردنەوەی ژمارەی حیسابی بانكی بۆ فەرمانبەران بۆ ئەوەی پارەی پاشەكەوت بچێتە ئەو حیسابە و فەرمانبەر بتوانێت بەشێكی لێ رابكێشێت، سیناریۆیەكی تر هەیە،بۆ ئەوەی ئەگەر فەرمانبەر قەرزاری حكوومەت بێت لە ئاو و كارەبا و باج و رسومات لە پاشەكەوت بدرێتەوە".


ئەو رێگا چارەیەكی تر دەخاتەروو كە پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كراوە، گوتیشی:" رێگایەكی تركە خۆم پێشكەشی بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیرانم كردووە ئەوەیە كە ئەو پاشەكەوتەی دەمێنێت، بمێنێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە فەرمانبەر خانەنشین دەكرێت، واتا كەسێك كە بە مووچەیەكی كەم خانەنشین دەبێـت مانگانە رێژەیەك لە پارەی پاشەكەوتكراوی پێ بدرێتەوە".


پێیوایە لەو سێ سیناریۆیە بترازێت هیچ رێگایەكی تر نیە حكوومەت پاشەكەوت بە فەرمانبەران بداتەوە بە تایبەت لە رێگەی پارەی كاشەوە، چونكە پارەكە چەندین تریلیۆن دینارە و بۆ حكوومەت زەحمەتە كاش بیداتەوە.


بەهۆی قەیرانی دارایی ،رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٦ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كورستان بڕیاری لە پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران دا.


روونییكردەوە پلانی حكوومەت ئەوەیە لەماوەیەكی كورتدا سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بە یەكجاری هەڵبگرێت، گوتیشی:" دەبێت بەرچاومان روون بێت كە ئایا لە بودجەی 2019 چۆن باسی پاشەكەوت دەكرێت بۆ ئەوەی لە رێگەی بودجەوە چارەسەر بكرێت".

پەروین نوری، بەرێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت :" پەیوەست بەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2019 هەڵبگیرێت،یان چۆن بدرێتەوە،ئەوە دەوەستێتە پێگەی كورد لە حكوومەتی عێراق و پرسی ناردنی بەشە بودجەی تەواو".


عیزەت سابیر،سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: ”وەکوو لە بەرپرسانی حکوومەت زانیاریمان پێ دراوە، تا حکووومەت پارەی دەبێت، پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران وەکوو قەرز ئەژمار دەکرێت، بەپێی ھەموو یاسایەک پاشەکەوت قەرزە لەسەر حکوومەت و دەبێت بیداتەوە“.


سەبارەت بە کردنەوەی حیساب بانکی بۆ مووچەخۆران، گوتی: ”حکوومەت بەڵێنی داوە بە کردنەوەی حیساب بانکی بۆ فەرمانبەران، بەڵام کاتەکەی دیاری نەکراوە، ئەوە دەبێتە قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری، كە بڕیارە بەم نزیكانە دەست پێ بكات“.