عیراق پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجە كەم كردەوە

پێنج شەممە, 11 تشرینی یەکەم 2018 05:19

هەرچەندە لەدوای پڕۆسەی “ئازادی عیراق” لە ساڵی 2003-وە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی بە 17% دیاری كرد، بەڵام ساڵی ڕابردوو ئەو پشكەی بۆ 12.67% كەم كردەوە و ئەمساڵ-یش جارێكی دیكە هەمان پشكی كەمكراوەی بۆ هەرێم لە بودجەی ساڵی 2019 دیاری كردووە.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق  لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ پڕۆژە یاسایەكی سیاسیە و پێشێلكردنی دەستوری عێراقی تێدایە و پێشێلكاری یاسایی تێدایە و حكومەتی بەكاربەر چەند بەربەستێكی سیاسی تێدا داناوە بۆ دروستكردنی كێشەی سیاسی نێوان ھەرێم و بەغداد.

ئاشكراشی كردووە، پشكی ھەرێمی كوردستان دانراوە بە ١٢.٦٧٪‏. خەرجێ سیادیەكان زیاترە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨.

دەشڵێت: “پێویستە پەرلەمان پڕۆژە یاساكە بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت و حكومەتی عادل عەبدولمەھدی لەسەر بنەمای بەرنامەی حكومەتی نوێ پڕۆژە یاساكە ئامادە بكات”.

لای خۆشیەوە، ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، داهاتی خەمڵێنراو لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی فیدڕاڵی بە ۱٠٥ ترلیۆن و ٥٦۹ ملیار و ٦۸٦ و ملیۆن و ۸۷٠ هەزار دینارە، كە لەو بڕە خەرجی خەمڵێنراو بە ۱۲۸ ترلیۆن و ٤٤۳ ملیار و ٥۲ ملیۆن و ٤۲۷ هەزار دینار دانراوە و بەو پێیەش كورتهینان خەمڵێنراوە بە ۲۲ ترلیۆن و ۸۷۳ ملیار و ۳٦٥ ملیۆن و ٥٥۷ هەزار دینار.

سەبارەت بە پشكی هەرێم ئەو پەرلەمانتارەی كورد لە بەغدا دەڵێت: “پشكی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم (هەولێر و دهۆك و سلێمانی) كە ۱۲.٦۷٪ خەمڵینراوە بە 8 ترلیۆن و ۷٤۱ ملیار و ٤٠٦ ملیۆن و ۲٦ هەزار دینار دانراوە”.

دەشڵێت: “بوجەی پەرەپیدانی سێ پارێزگاكەی هەرێم ۱۲٦ ملیار و ۷٠٠ ملیۆن دینارە و بودجەی وەبەرهێنان لەڕیگەی قەرزەوە بۆ پشكی هەرێم ۱٠۲ ملیار و ۳٦۱ ملیۆن و ۲٠٠ هەزار دینارە و بەو پێیەش تێكڕای پشكی هەرێم لە بودجە دەكاتە ۸ ترلیۆن و ۹۷٠ ملیار و ٤٦۷ ملیۆن و ۲۲٦ هەزار دینار.