یه‌كێتی مامۆستایان په‌یامێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌كات

پێنج شەممە, 11 تشرینی یەکەم 2018 11:30

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بریاریدا پشووی رۆژانی شه‌مه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌رپرسێكی یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان ئاشكرای ده‌كات، یان پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ لاببرێت یان پشووى رۆژى شه‌ممان دابنرێته‌وه‌.
(عه‌تا ئه‌حمه‌د) له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند : هه‌ڵگرتنى پشووى رۆژانى شه‌ممان ناره‌زاى له‌لاى سه‌رجه‌م لقه‌كانى سه‌ر به‌یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان دروستكردوه‌، ده‌بوایه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، راوێژى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان بكردایه‌، چونكه‌ تائێستا پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ به‌ته‌واوه‌تى له‌سه‌ر مووچه‌ى ماۆمستایان لانه‌براوه‌، به‌شێك له‌به‌رێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌كانیش ئاماده‌نین هیچ پشوویه‌ك بده‌ن به‌مامۆستایان.
جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی ماۆمستایان ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، پێشتر كه‌ پشووى رۆژانى شه‌ممان هه‌ڵگیرا پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر مووچه‌ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران، تائێستا ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ هه‌ڵنه‌گیراوه‌ له‌سه‌دا (25) بۆ له‌سه‌دا(30) له‌مووچه‌ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕدرێت.
عه‌تا ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شى بۆخه‌ندان خسته‌ڕوو،  له‌رێگه‌ى یاداشتێكه‌وه‌ داوا له‌وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، یان پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ به‌ته‌واوه‌تى هه‌ڵبگیرێت یان پشووى شه‌ممان دابنرێته‌وه‌.

ن.ش