چەند بڕیارێك دەربارەی مووچە و دەوام و كاروباری مامۆستایان دەركرا

شەممە, 13 تشرینی یەکەم 2018 05:06

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێـت، لە كۆبوونەوەی ئاسایی مەكتەبی تەنفیزی چەند بڕیارێك بۆ خوولی داهاتووی یەكێتی مامۆستایان درا، یەكێك لە بڕیارەكان كاركردنە بۆ نەهێشتن و لابردنی پاشەكەوتی مووچە.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك ڕایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەی ئاسایی مەكتەبی تەنفیزی چەند بڕیارێك بۆ خوولی داهاتووی یەكێتی مامۆستایان درا.

دەشڵێت: “لە كۆبوونەوەی ئاسایی مەكتەبی تەنفیزی (یەكێتی مامۆستایان) ژمارە (٢٧) لە ١١\١٠\٢٠١٨ ، كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ و ڕاسپاردە دەركران”.

بە وتەی عەتا ئەحمەد، یەكێتی مامۆستایان ئەم بڕیارانەی دەركردووە:
یەكەم: نوێكردنەوەی ناسنامەی (ی.م.ك) بە دیزاینێكی نوێ و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ١\١\٢٠١٩ تاكۆ ٣١\١٢\٢٠٢٠.

دووەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی (ی.م.ك) لە مانگی نیسانی ٢٠١٩، دانانی لیژنەیەكی تایبەت لە سكرتاریەت بەمەبەستی سەرپەرشتی و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردن.

سێیەم: دانانی بەرنامەی كار بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ لە گرنگترینیان:
١- كاركردن بۆ نەهێشتنی و لابردنی پاشەكەوتی مووچە.
٢- كاركردن بۆ دانانی ژمارەی بانكی بۆ مامۆستایانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
٣-كاركردن و فشاركردن لەسەر حكومەت بۆ دانانی بودجەی پێویست بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ چارەسەری گرفت و كەموكورتیەكان.
٤- كاركردن بۆ بە هەمیشەیی كردنی مامۆستایانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژان بكرێنە گرێبەست و فەرمی.
٥- كاركردن بە هاوتاكردنی خانەنیشانی هەرێم بە خانەنیشانی ناوەند.
٦- كاركردن بۆ پەسەندكردنی یاسای پارێزبەندی مامۆستایان.
٧- كاركردن بۆ گەڕانەوەی مامۆستایانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ سەر ناوەند و بایەخ دان بە داخوازیەكانی خوێندنی كوردی لەلایەن حكومەتی هەرێم.
٨- كاركردن بۆ بەپشووكردنی ڕۆژانی شەممە لە ناوەندەكانی خوێندن.
٩- كاركردن بۆ قەرەبووكردنەوەی مامۆستایانی سنوری هەولێر و دهۆك بۆ جیاوازی مووچە پێش ٢٠٠٣.