هەواڵێکی خۆش لەبارەی مووچەو بودجەوە بە فەرمانبەران رادەگەیەندرێت

شەممە, 13 تشرینی یەکەم 2018 05:20

 

 

بەگوێرەی چەند زانیارییەک ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوەیە لەمساڵدا بودجەی 2019 رەوانەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، ھاوکات مژدەیەکیش لەبارەی پلەبەرزکردنەوەوە دەدرێتە مووچەخۆرانی ھەرێم.

بەگوێرەی هەواڵێک کە لە snn بڵاوکراوەتەوەو لەسەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە ئاشکراکراوە، بەمەبەستی ئامادەکردنی بودجەی 2019ی ھەرێم، کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دارایی بەردەوامە و ھەنگاوی باشی بڕیووە، بەشێوەیەک ئێستا راپۆرتی تایبەت بە داھات و خەرجی بەشێکی زۆری وەزارەت و دەستەو فەرمانگەکان کۆتاییھاتووەو رەوانەی ئەو وەزارەتە کراوە.

 

لەبەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە "لەوەزارەتی دارایی لیژنەیەکی ١٢ کەسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری پێکھێنراوەو هێشتاش سەرقاڵی ئامادەکردنی بودجەکەن".

 

ئەوەش راگەیەندراوە کە ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوەیە لەمساڵدا بودجەکە رەوانەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

 

لەو زانیارییانەدا ئاماژەش دراوە بەوەی کە "بەگوێرەی یاسای بودجەی 2019ی ھەرێم، پلەبەرزکردنەوەی موچەخۆران دەستپێدەکاتەوەو وردەکاریی دەستپێکردنەوەشی لە بودجەکەدا دەبێت".

 

سەبارەت بە ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەکەوتی مووچەو ئاماژەپێکردنی لە بودجەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "دوای ئەوەی پڕۆژەیاساکە بەتەواوەتی ئامادەدەکرێت، ئەوکات یەکلادەبێتەوە کە ئاماژە بە ھەڵوەشاندنەوە دەکرێت یان نا".