ئەمریكا بیرۆكەیەكی هەیە، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە

شەممە, 13 تشرینی یەکەم 2018 05:25

 

 

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاند، ئەمریكا هەوڵدەدات نیمچە دەوڵەتێك لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دروستبكات بە یارمەتی هاوپەیمانانی لە سوریا.

ئاژانسی دەنگ ‌و باسی ڕووسیا دەڵێت، (سێرگی لاڤرۆڤ) وەزیری دەرەوە رووسیا لە لێدوانیدا بۆ ئاژانسەكەیی و چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندنی فەڕەنسی وتویەتی، ئەمریكا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوپەیمانە سوریایـیەكانیـیەوەو لە پـێش هەموویانەوە كوردەكان، نیمچە دەوڵەتێك دروستبكات لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، ئەمەش كارێكی ناڕەوایە.

وتوشیەتی، ئەمریكیـیەكان دامودەزگاكانی دەسەڵات لەو ناوچانە پـێكدەهێنن تاوەكو شوێنی دامودەزگاكانی حكومەتی سوریا بگرنەوەو هەروەها كاردەكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و نیشتەجێكردنیان، بەڵام لە هەمان كاتدا نە ئەمریكاو نە فەڕەنساو نە هیچ وڵاتێكی ڕۆژئاوایی خوازیارنین ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا بگەڕێنەوە.

لاڤرۆڤ مەترسی خۆی نیشان داوە لەوەی بە وتەی خۆی، ڕەنگە ئەمریكا سەرلەنوێ بچێتە نێو سەركێشەیەكی مەترسیدار لە كوردستانی عێراق و بیرۆكەی ئەوەی پـێی دەڵێن كوردستانی گەورە.

ئەم لێدوانەی لاڤرۆڤ پاش ئەوە دێت كە (مایك پەمپـیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: وڵاتەكەی سوورە لەسەر ئەوەی كوردەكانی سوریا قسەیان لە ئایندەی سوریادا هەبێت.

 

 

ئـ . كـ