له‌سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ بۆماوه‌یه‌ك ده‌بڕێت

شەممە, 13 تشرینی یەکەم 2018 08:11
بۆ ماوه‌یه‌ك كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕاده‌گیرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ كۆنترۆڵی‌ كاره‌بای‌ هه‌رێمیش ڕونكردنه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌دات.

ئومێد محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كۆنترۆڵی‌ كاره‌بای‌ هه‌رێم  ڕایگه‌یاند: "وه‌ك وه‌زاره‌ت پلانمان هه‌یه‌ به‌سود وه‌رگرتن له‌غازی سروشتی له‌كۆمپانیای‌ دانه‌غاز كه‌ ده‌توانێت غازی كۆمپانیاكه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با سودی لێوه‌ربگرێته‌وه‌، واده‌كات له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا 300 مێگاوات به‌رهه‌مهێنان زیادبكات و به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمدا دابه‌شبكرێته‌وه‌، به‌وه‌ش ماوه‌ی‌ پێدانی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ زیاد ده‌كات".

ناوبراو به‌SNNی‌ وتوه‌:"چاوه‌ڕوانی‌ كۆمپانیای‌ دانه‌غاز ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ جێبه‌جێی بكات و ماوه‌ی‌ پێدانی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ زیادبكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرفتێك بۆ به‌شداربوان دروستده‌بێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌:"ئه‌گه‌ر ئه‌و پلانه‌ جێبه‌جێبكرێت په‌ستانی‌ غاز سفر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش واده‌كات كوژانه‌وه‌ی‌ گشتیی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێم بۆ ماوه‌یه‌ك ڕوبدات".

ده‌شڵێت: "چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌نزیكترین كاتیشدا ئه‌و پلانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ دانه‌غاز هه‌یه‌ جێبه‌جێبكرێت و بتوانرێت ماوه‌ی‌ پێدانی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ به‌هاوڵاتیان زیادبكرێت".

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی