كاره‌بای نیشتیمانی له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان نامێنێت

شەممە, 13 تشرینی یەکەم 2018 10:39

به‌هۆی‌ پلانێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌بای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ، بۆ ماوه‌یه‌ك كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕاده‌گیرێت.

 

ئومێد محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كۆنترۆڵی‌ كاره‌بای‌ هه‌رێم ڕایگه‌یاندووه‌ "پلانمان هه‌یه‌ به‌سود وه‌رگرتن له‌غازی سروشتی له‌كۆمپانیای‌ دانه‌غاز كه‌ ده‌توانێت غازی كۆمپانیاكه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با سودی لێوه‌ربگرێته‌وه‌، واده‌كات له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا 300 مێگاوات به‌رهه‌مهێنان زیادبكات و به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمدا دابه‌شبكرێته‌وه‌، به‌وه‌ش ماوه‌ی‌ پێدانی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ زیاد ده‌كات".

دەشڵێت"چاوه‌ڕوانی‌ كۆمپانیای‌ دانه‌غاز ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ جێبه‌جێی بكات و ماوه‌ی‌ پێدانی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ زیادبكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرفتێك بۆ به‌شداربوان دروستده‌بێت".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارەبا وتیشی:"ئه‌گه‌ر ئه‌و پلانه‌ جێبه‌جێبكرێت په‌ستانی‌ غاز سفر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش واده‌كات كوژانه‌وه‌ی‌ گشتیی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێم بۆ ماوه‌یه‌ك ڕوبدات".

ئومێد ڕاشیگەیاندوە، "چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌نزیكترین كاتیشدا ئه‌و پلانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ دانه‌غاز هه‌یه‌ جێبه‌جێبكرێت و بتوانرێت ماوه‌ی‌ پێدانی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ به‌هاوڵاتیان زیادبكرێت".



ف.ق