خانمی یه‌كه‌می عیراق باس له‌ ژیانی تایبه‌تی خۆی و به‌رهه‌م سالح ده‌كات

شەممە, 13 تشرینی یەکەم 2018 14:06

كاتێك بۆ وەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر دەچێتە بەریتانیا، لەوێ بەهۆی برایەكییەوە بەرهەم ساڵح دەناسێت‌و سیی‌و سێ ساڵ لەمەوبەرو لەساڵی 1985 هاوسەرگیری لە گەڵدا ئەنجام دەدات.

 " سەرباخ محەمەد سەعید سابیر"، خەڵكی شاری كۆیە"یەو لەساڵی 1982 كۆلێژی كشتوكاڵ لە زانكۆی بەغداد تەواو دەكات، دوای ساڵێك لە تەواوكردنی زانكۆ، بۆ خوێندنی باڵاو وەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر ڕوو دەكاتە بەریتانیا، بە وتەی خۆی، دایك‌و باوكی پێیانوتووە دەبێت دكتۆراش تەواو بكەیت، پاشان بگەڕێیتەوە.

ناوی سەرباخ، یەكێك لە دەگمەنترین ناوەكانە لە كۆمەڵگەی كوردیداو لە زمانی عەرەبیدا بەمانای " زەوی فراوان دێت"، ئەو لەبارەی ناونانی بە سەرباخ، باسلەوە دەكات كە دكتۆر " خالید سەعید" كە پورزایەتی ئەو ناوەی لێناوە، جیا لەهەر مەبەستێكیتر بۆ هەڵبژاردنی ئەو لەناوە لە ڕووی ماناوە، ڕەنگە مەبەستی دكتۆر خالید ئەوە بووبێت كە ناوی پورزاكەی هاوئاوازی ناوی خوشكەكەی خۆی بێت كە ناوی "چوارباخ" بووەو زۆرێك لە خێزانەكانیش لە كۆمەڵگەی كوریدا لەناونانی منداڵدا ئەم نەریتە پەیڕەو دەكەن.


دكتۆر خالید سەعید، یەكێك لەسەركردە دیارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو لە باڵی بزوتنەوەی سۆسیالستی، لە كارەساتی هەكاری دا لە ساڵی 1978 لە گەڵ هەریەكە لە "عەلی عەسكەری‌و حسێن شێخ بابە"دا لە لایەن " قیادە موەقەتە" وە بە دیل دەگیرێن‌و دەكوژرێن.

 

"سەرباخ محەمەد سەعید"ی هاوسەری بەرهەم ساڵح‌و خانمی یەكەمی عێراق، ساڵی 1985 لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا هاوسەرگیری دەكات.


ئەو خۆی باسیدەكات كە لە نەورۆزی ساڵی 1983دا بەهۆی دكتۆر ساڵح ی برایەوە كە هاوڕێی بەرهەم ساڵح بووە ئەوی ناسیوەو دوای دوو ساڵ لە ناسین‌و هاوڕێیەتی بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە.


ئەو كاتەی كە هاوسەرگیری دەكەن، سەرباخ محەمەد تازە بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری " باخداری‌و چاندنی شانەی ڕووەكی"دا بە دەستهێناوەو " بەرهەم ساڵح"یش سەرقاڵی خوێندنی دكتۆرا بووە.


سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیان‌و بڕی ئاڵتوون‌و مارەییەكەی سەرباخ محەمەد دەڵێت:" لەماڵی دكتۆر ساڵحی برام لە بەریتانیا هاوسەرگیریمان كرد، دایك‌و باوكی كەسمان لەوێ نەبوون، مامۆستا برایم ئەحمەدو عومەر دەبابە، بەشداری پرۆسەی هاوسەرگیرییەكەیان كردین، تەنها یەك ئەڵقەی هاوسەرگیریم كردو مارەییەكەشم لە 19 مسقاڵ كەمتر بوو".


لە ساڵی 1992دا سەرباخ لەگەڵ بەرهەم ساڵدا دەچێتە ئەمەریكاو ماوەی چورادە ساڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی ئەمەریكا كار دەكات، دوای ئەوەی كە بەرهەم ساڵح لە ساڵی 2001 دێتەوە بۆ كوردستان‌و دەبێتە سەرۆكی حكومەتی كابینەی سلێمانی، ئەو بەهۆی خوێندنی منداڵەكانییەوە لە ئەمەریكا دەمێنێتەوە.

 

ساڵی 2007 دەچێتە وڵاتی "عەممان"و ماوەی دوو ساڵ لەوێ دەمێنێتەوەو دواتر دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان‌و ساڵی 2013 لەگەڵ چەند كەسێكیتردا ڕێكخراوی " فاوەندەیشنی ڕووەكی كوردستان"، دا دەمەزرێنن، كە تایبەتە بە دۆزینەوەی ڕووەكی سروشتی لە كوردستان.


سەرباخ‌و بەرهەم ساڵح كوڕو كچێكیان هەیە " كاڵێ‌و سوارە"، كاڵێ لە ئەمەریكا بەكالۆریۆسی خوێندووەو ماستەریشی لە زانۆكی ئۆكسفۆرد وەدەستهێناوەو كوڕەكەشیان بەكالۆریۆسی لە ئەمەریكا خوێندووە.


بە وتەی "سەرباخ"ی دایكیان، ئەویش‌و بەرهەم ساڵحیش حەزناكەن منداڵەكانیان تێكەڵاوی سیاسەت‌و بازرگانی ببن‌و دەشڵێت كە ئامۆژگاری منداڵەكانی كردووە بەشداری كاری سیاسی لە ناوخۆی كوردستان نەكەن.


تا ئەو دەمەی كە بەرهەم ساڵح بوویە سەرۆكی قەوارەی " هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری"، "سەرباخ" ناوێكی ون‌و نەناسراو بوو.


هەرچەندە پێشتر بەرهەم ساڵح، لە چەند پۆستێكی هەرە باڵای حكومی‌و حیزبیدا بووەو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بەڵام تا جیابوونەوەی لە یەكێتی نیشتیمانی‌و بوونی بە سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی، هاوسەرەكەی نەكەوتە بەر چاو و ڕووماڵی میدیاكان.




ف.ق