كێشەی مووچەی فەرمانبەران سەرهەڵدەداتەوە

دوو شەممە, 15 تشرینی یەکەم 2018 06:21


ڕەشنوسی بودجەی ساڵی 2019، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر ناكات و پشكی هەرێمی كوردستان تەنها 12.6% ە و بەوەش كێشەی مووچە چارەسەرنەكراوە و پێشبینی دەكرێت ساڵی داهاتوویش كێشەی مووچە سەرهەڵبداتەوە.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕەشنوسی بودجەی ساڵی داهاتوویش هەمان یاسای ساڵانی پێشووە و پشكی هەرێم دەستكاری نەكراوە.

بەپێی ڕەشنوسی بودجەی 2019، بودجەی گشتی عێراق زیاتر لە 105 ترلیۆن دینارە و بەڕێژەی 93%ی پشتی بە نەوت بەستووە و پشكی هەرێمی كوردستانیش 12.6%، بەمەرجێك ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بكات.

نەجیبە نەجیب ڕونیكردەوە، زیادكردنی پشكی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی سیاسی بێت، پێش ئەوەی بگاتە پەرلەمان، چونكە ئەگەر دەستكاری نەكرێت، لە پەرلەمان ناتواندرێت پشكی هەرێم زیاد بكرێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر دەستكاری پشكی هەرێم نەكرێت، مووچەی فەرمانبەران چی بەسەر دێت؟ ناوبراو وتی، “هەمووی لەسەر ڕێكەوتنی سیاسی ماوەتەوە، چونكە ئێستا هەرێم و عێراق پێكەوە مووچەی فەرمانبەران دابین دەكەن، ساڵی داهاتوو پێویستە ڕێكەوتنی تر بكرێت”.

مانگانە حكومەتی عێراق 317 ملیار دینار دەنێرێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەهۆیەوە حكومەتی هەرێم تاڕادەیەك توانیویەتی، مانگانە موچەی فەرمانبەران دابەش بكات، هەرچەندە تا ئێستا چارەنووسی مووچەی سێ‌ مانگی ئەمساڵ نادیارە.