شیخ جەعفەر: حەشدی شەعبی لەكەركوك مامەڵەیان زۆر ناشرینە

دوو شەممە, 15 تشرینی یەکەم 2018 06:50

 

فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: لێكۆڵینەوە لەڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بكرایە خەڵكانێك كە كوردن تێوەدەگلان و چەكدارانی ‌حەشدی شەعبی لە كەركوك مامەڵەیان زۆر ناشرینەو خەڵكیان بێزاركردووە.

 


شیخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو ململانێ ناشەریفانەی لە گۆڕەپانەكەدا هەیە بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەكێتیدا تاوەكو ئێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر نەكراوە، بەداخەوە دەبوو سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، پەرلەمان، سەركردایەتی سیاسی كورد بڕیاری بدایە بەپێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە.

 


هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر لێكۆڵینەوە بكرایە لەو بابەتە ڕەنگە خەڵكانێك كە كوردن تێوە بگلانایە كە لەگەڵ عیراقیەكاندا دەستیان تێكەڵ كردبێت و هاوكاری و هەماهەنگی عیراقیان كردبێت بۆ هاتنەوە بۆ ناو كەركوك.

 


سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت بۆ شاری كەركوك؟ فەرماندەی هێزەكانی(70)ی پێشمەرگە كە بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند ووتی:" هەوڵێكی زۆر هەیە لەلایەن هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكا، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگری عیراق بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی هەیە ناوچەكە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عیراق بەڕێوەببرێت، چونكە داعش لەناوچەكە زیاتر لەپێشوتر بەهێزترە چالاكیان لەناو شار و دەرەوەی شار و سەرشەقامەكان بە ئاشكرا هەیە."

 


هەروەها ڕاشیگەیاند:" هیچ هەنگاوێك بۆ چۆڵكردنی شاری كەركوك لەلایەن حەشدی شەعبیەوە نەنراوە، بەپێچەوانەوە چەكدارانی ‌حەشدی شەعبی لەناو كوچە و كۆڵانەكانی كەركوك بڵاوبونەتەوە مامەڵەیان زۆر ناشرینە خەڵكیان بێزاركردووە، تەنانەت خەڵك زیاتر لەوان دەترسێت وەك لەداعش."

 

 

 

 

 

 

س ب