زۆرترین زانیاری له‌باره‌ی سزای له‌سێداره‌دان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاشكراده‌كرێت

دوو شەممە, 15 تشرینی یەکەم 2018 13:26

بەپێی ڕاپۆرتی (ئۆرتە) لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ چوار کەس لە هەرێمی کوردستان سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێکراوە و ٢٥٣ کەس-یش لە زیندانەکاندان، کە سزای سێدارەیان هەیە و سزاکەیان جێبەجێ نەکراوە.

ڕیکخراوهاوپەیمانی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان ساڵی(٢٠٠٢) بەفەرمی دامەزرا، ساڵی(٢٠٠٣) ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانی دەستنیشانکرد، ئەو دەستپێشخەرییە وایکرد یەکێتی ئەوروپا لەساڵی(٢٠٠٧) دا بڕیاربدا ڕۆژی(١٠) ی ئۆکتۆبەر ببێتە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە یەکێتی ئەوروپا.

لە ساڵانی(١٩٧٦- ١٩٧٧) بەگشتی(١٦) وڵاتی ئەوروپا سزای لەسێدارەدانیان بە یەکجاری لە ووڵاتەکانیاندا هەڵگرت، واتە لە ڕووی یاسایی شتێک نەما بەناوی سزای لەسێدارەدان بۆ سەرجەم تاوانەکان لەو وڵاتانەدا.

 لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەیان ووڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدانیان نەهێشت، لە ناویاندا(١٠٤) وڵات بە شێوەیەکی یەکجاری بۆ هەموو تاوانەکان سزاکەیان هەڵگرت، (٣٠) وڵاتیش جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندەوە، (٧) وڵاتیش سزاکەیان بۆ چەند تاوانێک هەڵوەشاندەوە، لە(٥٧) وڵاتیش سزاکە تا ئێستا بەکاردێت، (٢٩) وڵاتیش سزاکە جێبەجێدەکەن.

زۆربەی سزاکانی لەسێدارەدان ئێستا لە ئاستی جیهان لە پێنچ ووڵات جێبەجێدەکرێت ئەو وڵاتانە بریتین لە:

چین، ئێران، سعودیە، عێراق، پاکستان

لە ماوەی(١٠) ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدان لەو پێنچ وڵاتە بەمشێوەیە بووە:

(چین-١٠١٩٠)
(ئێران-٤١٨٠) 
(سعودیە- ٩٨٥)
(عیڕاق-٧٩٢ )
(پاکستان-٥٩١)

 لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆربەی لەسێدارەدان هەر لەو پێنچ ووڵاتە جیبەجێکراون.

لەهەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی(٢٠٠٨ تا ٢٠١٥) سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسدا جێبەجێنەکراوە، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی(٢٠١٥) سێ کەس لە یەک خێزان پیاوێک و دوو هاوسەری لەسێدارەدران، هەروەها شەوی ١٠ لەسەر ١١ ی مانگی دیسێمبەری ساڵی(٢٠١٦) بکوژی مینای تەمەن هەژدە مانگ کە ناوی(عەبدوڵا حسێن) بوو لەسێدارەدرا.
 بەپێی زانیارییەکان لەهەرێمی کوردستان، لە ساڵی (٢٠١٧) دا(٣٤) کەس سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەگشتی(٢٥٣) کەس لە ناویاندا(٢٠) ژن، بەپێی یاسا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لەبەندیخانەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) تەنیا ئەو چوار کەسەی ئاماژەمان پێکرد لەسێدارەدراون.

لە عیڕاق لەماوەی(١٠) ساڵدا بەگشتی(١٨٠٨) کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لەو ژمارەیە(٧٢٩) کەس لەسێدارەدراون.

 

وەک ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) پێمانوایە ژمارەی لەسێدارەدان لەسەر ئاستی جیهان زۆر زیاترە لەوەی کە ڕاگەیەندراوە، چونکە ئەو وڵاتانەی خەڵک ئیعدام دەکەن مەرج نیە هەموو لەسێدارەدانێک ڕابگەیەنن.

ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) داوادەکات سزای لەسێدارەدان لەهەرێمی کوردستان و عیڕاق و جیهان نەمێنێت و ڕۆژی (١٠) ی ئۆکتۆبەر بەکردار ببێتە ڕۆژی نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان و عیڕاق و سەرتاسەری جیهان…

پێشتر دیندار زێباری رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رایگه‌یاند، له‌سێداره‌دان سزایه‌كی نامرۆڤانه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ ناگونجێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حاڵه‌تی زۆر تایبه‌ت نه‌بێت ئه‌و سزایه‌ ناسه‌پێنرێت.

وتیشی "له‌ماوه‌ی ساڵی 2017دا له‌ هه‌رێم 34 سزای له‌سێداره‌دان هه‌بووه‌ كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر 17 كه‌س سزادراون، له‌ دهۆك 13 كه‌س و له‌ سلێمانیش 4 كه‌س".

زێباری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ساڵی 2012 به‌هۆی ده‌رچونی یاسای لێبوردنی گشتی ئه‌و كه‌سانه‌ی سزای له‌سێداره‌دانیان هه‌بوو بۆ سزای زیندانی هه‌تا هه‌تایی كه‌مكرایه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی وت "ئه‌و كه‌سانه‌ی سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رده‌چێت تاوانه‌كانیان بریتیه‌ له‌ (كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست، ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر مه‌حره‌م، رفاندنی مرۆڤ)".


ف.ق