چەندین مووچەخۆر دەخرێنە نێو لیستی سووری بایۆمەتری

سێ شەممە, 16 تشرینی یەکەم 2018 06:43

بەپێی بڕیارێك چەندین مووچەخۆر دەخرێنە نێو لیستی سووری بایۆمەتری. بەرپرسێكیش روونكردنەوە لەسەر لیستەكە دەدات و ئاشكرای دەكات هەندێك كەس مووچەكانیان دەبڕدرێت.

بەپێی بڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژە بە گەڕاندنەوەی مووچەی ئەو كەسانە كراو كە لە لیستی سووری بایۆمەتریدان، لە بڕیارەكە هاتووە "ئەو مووچەخۆرانەی لە مانگەكانی پێشوودا لە لیستی سووری بایۆمەتری بوو دابوون و پارەشیان وەرگرتووە،پێویستە مووچەكانیان بگەرێندرێتەوە،لە ماوەیەك كە لە 30 رۆژ تێپەڕ نەكات لە رۆژی ئاگاداركردنەوەیان،بە پێچەوانەوە رێكاری یاساییان لە بەرامبەر وەردەگیرێت".


هیوا ئەفەندی: سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند هەندێك لە فەرمانبەران و مووچەخۆران خراونەتە نێو لیستی سووربایۆمەری.


سەبارەت بە وردەكاری ئەو لیستە، وتی:" هەندێك فەرمانبەر ناوی خۆیان لە وەزارەتێك تۆمار كردووە، بەڵام ناویان لە یەكەیەكی تری ژمێریاری لە شوێنێكی ترهاتۆتەوە واتا فۆڕمەكانیان هەڵەیە، یان كەسانی تر هەیە خۆیان تۆمار نەكردیە، بەڵام ناویان لە یەكەی ژمێریاریەك هەیە و لای ئێمەش بایۆمەتری و باركۆدی نیە، بۆیە ئەوانە خراونەتە نێو لیستی سوور".


روونی كردەوە ئەوانەی لە نێو لیستی سووری ئەواندان رێكاری پێویست و لێكۆڵینەوە و وردبینیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، وتیشی:" ئەگەر لیژنەی باڵای بایۆمەتری دڵنیا بێتەوە، كەسێك بە ناحەق مووچەی ورگرتووە یان هەوڵیداوە بە نایاسایی مووچە وەربگرێت مووچەكانیان دەبڕدرێت و ئەو مووچەیەی وەریان گرتووە دەبێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا لێیان وەربگیرێتەوە".


تاوەكو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك و 202 هەزار مووچەخۆ لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتری مووچەدا تۆماركراون.


بەرپرسەكەی ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە ئەگەر كەسێك لە بایۆمەتری تۆماركرابێت و ناوی بە هەڵە لە شوێنێكی تر هاتبێتەوە كێشەكەی چارەسەر دەكرێت و مووچەكانیان بۆ خەرج دەكرێت.


ئەفەندی پێیوایە مەرج نیە هەموو ئەوانەی ناویان لە لیستی مووچەدا هەیە پەسندكرابن، وتیشی:" هەیە ناوی پەسندیش نەكراوە، بەڵام ناوی لە لیستی ئەلیكترۆنی مووچەدا هەیە بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو كەسانە نەدراوە ئەوە لە قۆناخی دووەمی بایۆمەتری بڕیاری لێدەدرێت".


پێشووتر ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرای كردبوو زیاتر لە 100 هەزار مووچەخۆری دووبارە و سێ بارە لە لای ئەوان دەركەوتوون، بەڵام بەشی زۆرینەیان یاسایین.