په‌رله‌مانتارێك به‌توندی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر بارزانی

چوار شەممە, 17 تشرینی یەکەم 2018 07:54

پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر، كە لەلایەن عەبادی-یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمان لێدوانەكانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەخاتە كارنامەی دانیشتنەكانی كە “هێزە ئەمنییەكانی عیراقی بە داگیركەر بۆ كەركوك وەسفكردبوو”.

عەلی سنەید، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (المعلومە)ی عیراقی ڕایگەیاندووە: “ئاڕاستەیەك هەیە بۆ ئەوەی لێدوانەكانی بارزانی بخرێتە كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە، كە هێزە ئەمنییەكانی بە داگیركەر بۆ كەركوك وەسفكردبوو”، ئاماژەی بە دەركردنی ژمارەیەك بڕیاریش كرد لەلایەن پەرلەمانەوە كە “لە دژی بارزانی و لێپرسينەوە لە زیادەڕۆییەكانی دەرهەق بە حكومەت و هەیبەتی دەوڵەت ئەنجامیان دەدات”.

بەوتەی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی نەسر“لێدوانە توندەكانی بارزانی لە ساڵیادی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكانی سەپاندنی یاسا لە كەركوك، هەوڵێكە بۆ دروستكردنی كێشە لە پێكهێنانی كابینەی حكومەت و لەگەڕخستنی، بەو پێیەی سەركەوتوو نەبوو پۆستی سەرۆك كۆمار دەستەبەر بكات”، ئاماژەی بە تەرخانكردنی یەكێك لە دانیشتنەكانی پەرلەمانیش كرد بوو لەپێناو “دانانی سنورێك بۆ ئەو زیادەڕۆیی كردنانە”.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورستان، لە ساڵیادی یەكەمی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هێرشی كردە سەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە خیانەتكار وەسفی كرد، چوونەناوەوەی هێزەكانی عیراقیشی بۆ نێو شاری كەركوك بە “ڕۆژێكی تاریك” لەقەڵەمدابوو، ڕەتیشیكردبۆوە سازش لەسەر ناسنامەی كوردستانی كەركوك بكەن.

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی