ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و ئه‌فسه‌ری كورد به‌تۆمه‌تی بازرگانی كردن له‌گه‌ڵ داعش ده‌ستگیركران

چوار شەممە, 17 تشرینی یەکەم 2018 12:06

ژمارەیەک بەرپرس و ئەفسەری سەربازی لەسەر دۆسیەی بازرگانیکردن لەگەڵ داعش دەستگیرکراون و حکومەتی هەرێمیش ئاشکرایکرد نزیکەی ٣٠ کەس بە تۆمەتی جیاجیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
له‌و باره‌یه‌وه‌ سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئێن ئارتی ڕاگه‌یاند، نزیکەی ٣٠ کەس بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵداکراوە.

ئەوەشی وت، ئەو کەسانە تاوانبار نین، هەر کاتێکیش تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغبووەوە رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئەو بەرپرس و ئەفسەرانە لە هەولێر دەستبەسەر کراون و هەندێکیان بە تۆمەتی بازرگانی لەگەڵ داعش و ژمارەیەکیان بە تۆمەتی بازرگانی مادەی هۆشبەر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و پارەشیان پێگیراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە گەرمەی شەڕی داعشدا ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئەمنی ، تۆمەتبارکران بەوەی کە لەگەڵ ڕێکخراوی داعش بازرگانی سوتەمەنیان کردووە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە سوتەمەنی دەگوێزنەوە یاخود کارئاسانیان کردووە بۆ تێپەڕبوونی سوتەمەنی لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعشەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان و ساغکردنەوەی.

کەیسی بازرگانی لەگەڵ داعش ماوەیەک دەزگای داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر کرد، بەڵام دواتر وازیلێهێنرا بەو پێیەی دۆسییەکان ساغنەکرانەوە.




ف.ق