لیژنه‌ی فه‌توای كوردستان باس له‌یاری پەبجی ده‌كات

چوار شەممە, 17 تشرینی یەکەم 2018 12:52

یاریی  (پەبجی - PUBG) یه‌كێكه‌ له‌ یاریه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان بەشێوەکی خێرا لە جیھاندا بڵاو بووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش ئەو یارییە بەکارھێنەرانێکی ئێجگار زۆری، سەرۆکی لێژنەی فەتوای سلێمانی ئاشكرای ده‌كات، یاریی (پەبجی) خەڵکێکی زۆری سەرقاڵ کردووە و ھەفتەی داھاتوو لێژنەی فەتوا لەسەر یاریی (پەبجی) کۆ دەبێتەوە و بڕیارێک لەسەر ئەو یارییە دەردەکرێت.
د. عیرفان شەریف، سەرۆکی لێژنەی فەتوای سلێمانی ڕایگەیاند: جارێ ئێمە نازانین یاریی (پەبجی) حەرامە یان بەپێچەوانەوە، بەڵام ئەگەر یارییەک ببێتە ھۆکاری داگیرکردنی کاتەکانی مرۆڤ ئەوا دەچێتە چوارچێوەی شتی پڕوپووچەوە، بێگومان ئەگەر شتی پڕوپووچ مرۆڤ ئاڵوودە بکات، یان لەخوێندنی بکات، یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کاڵ بکاتەوە و لە کارکردنی بکات، ئەو کاتە لە چوارچێوەی کارێکی حەرامدا ھەژمار دەکرێت، ناتوانین بەشێوەیەکی ڕەھا بڵێین، یاریی (پەبجی) حەرامە، بەڵام ئەگەر بەکارھێنەرێک ڕۆژی (20 )خولەک ئەو یارییە بکات، حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر گەنجێک تەواوی کاتەکانی بۆ ئەو یارییە تەرخان بکات، یان بەھۆی ئەو یارییەوە لەگەڵ ھاوڕێکانی دووچاری شەڕ و کێشە بێت، لەبارەی ئەو کەسانەوە دەتوانین بڵێین ئەو یارییە حەرامە.
سەرۆکی لێژنەی فەتوای سلێمانی ئه‌وه‌شی بۆباسنیوز ئاشكرا كردوه‌. ئەگەر یاریی (پەبجی) لەنێوان دوو کەسدا بردنەوە و دۆڕاندنەکەی لەسەر پارە بێت، دەچێتە خانەی قومارەوە، بێگومان قومار لە شەرعی ئیسلامدا حەرامە، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌  ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو 24/10/2018، لێژنەی فەتوا لەسەر یاریی (پەبجی) کۆ دەبێتەوە و بڕیارێک لەسەر ئەو یارییە دەردەکرێت.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ یاریی (پەبجی) ساڵی 2017 لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆریای باشوورەوە بەرھەم ھێنراوە،  یارییەکە باسی ژمارەیەک بەکارھێنەر دەکات، کە لە شوێنێکی فراواندا بەدوای چەک و تەقەمەنیدا دەگەڕێن و زیاتر له‌ 30 ملیۆن بەکارھێنەری ھەیە.

 ن.ش