هاتوچۆ توندتر لەڕابردوو لێپرسینەوە لەگەڵ شۆفێران دەكەین

پێنج شەممە, 18 تشرینی یەکەم 2018 08:50

 


وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەڵمەتی هۆشیای كە هۆشیاری دەدرێتە هاوڵاتیان بۆ ماوەی یەك مانگ دەست پێدەكات و ئامانج للێی كەمكردنەوەی ڕوداوەكانی هاتوچۆیە.

 


كاروان محمد وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەئێستادا بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پلانێكی هەیە كە ماوەی یەك مانگ دەخایەنێت و پلانەكەش هەڵمەتی هۆشیارییە بۆ شۆفێران و هاوڵاتیانی سلێمانی تاوەكو لە ڕوداوەكانی هاتوچۆ بەدوربن.

 


هەروەها ووتیشی: لە ساڵی 2017دەدا 218 هاوڵاتی بەهۆی ڕوداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لە دەستداوە كە 128یان شۆفێر بوون، واتە زۆربەی قوربانیەكان سەرنشین بون و بەهۆی بەكارنەهێنانی‌ پشتێنی‌ سەلامەتی‌ و بەكارهێنانی‌ مۆبایلەوە بوە لەلایەن شۆفێرانەوە.

 


ئاماژەی بەوەشكرد: لەهەڵمەتەكەی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیدا لێپرسینەوە چالاكتردەكەین و چەندین تیم لەئەركدا دەبن لەماوەی‌ ئەو مانگەدا بۆ هۆشیاركردنەوەی‌ هاوڵاتیان و شۆفێران".

 


ئەوەشی خستەڕوو: هەڵمەتەكە بەهەماهەنگی‌ دەبێت لەگەڵ ئەوقافی‌ سلێمانی‌ و هەوڵدەدرێت وردەكارییەكەی‌ لەڕێگەی‌ وتاری‌ ڕۆژانی‌ هەیینی‌ مزگەوتەكانەوە بگەیەنرێتە هاوڵاتیان و سەردانی ناوەندەكانی خوێندنیش دەكرێت و قوتابیان ئاشنای ڕێنمایی و ڕوداوەكانی هاتوچۆ دەكرێن.

 


كاروان محمد ووتیشی: لە ماوەی ئەو مانگەدا لێپرسینەكان لە بەكارنەهێنانی‌ پشتێنی‌ سەلامەتی‌ و بەكارهێنانی‌ مۆبایل لەكاتی‌ شۆفێری‌ و پەیڕەونەكردنی‌ خێرایی ڕێگەپێدراو و ڕاگرتنی‌ ئۆتۆمبێل لەشوێنی‌ نایاسایی و پابەندنەبونی‌ بارهەڵگرەكان بەیاساو ڕێنماییەكان و نەبونی‌ مەرجەكانی‌ توندوتۆڵی‌ و پیسكردنی‌ ژینگە و پێشێلكردنی‌ مافی‌ پیادە وهەڵگرتنی‌ تابلۆی‌ ساختە و بەكارنەهێنانی‌ كڵاوی‌ ماتۆڕسكیلو لێدانی‌ گڵۆپی‌ سور لەترافیك لایتەكاندا توندتر دەكرێن.

 

 

 

س ب