بۆرێگری كردن له‌ درووست بوونی لافاو ، پارێزگای هه‌ولێر ئاماده‌كاری ده‌كات

پێنج شەممە, 18 تشرینی یەکەم 2018 11:59

 جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ئاشكرای ده‌كات، سه‌رجه‌م یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی هه‌ولێر له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ هه‌ر روداو و پێشهاتێك به‌هۆی لافاو و بارانه‌وه‌ روبده‌ن، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ رێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك نادرێت به‌ ئاوی پیس، سه‌وزه‌ و به‌روبومه‌ كشتوكاڵییه‌كان ئاو بدات.
ئه‌مڕۆ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی زستان،  پارێزگاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ كارگێڕییه‌كانی هه‌ولێر كۆبۆوه‌ و دوای ته‌واوبونی كۆبونه‌وه‌كه‌ش، تاهیر عه‌بدوڵڵا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند : بۆئه‌وه‌ی لافاو رونه‌دات ئه‌مساڵ ته‌واوی ئاوه‌ڕۆكانی هه‌ولێر نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌، رێكخراوی GIZی ئه‌ڵمانی-یش هاوكاری پرۆژه‌كانی كردوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت.
جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، خاڵێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ پرسی ژینگه‌پارێزی بو، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی قێزه‌ون هه‌ن، كه‌ كاریگه‌ری خراپی كردۆته‌سه‌ر ژینگه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش لیژنه‌كانی پۆلیس و شاره‌وانی و ته‌ندروستی ده‌ستیان كراوه‌ ده‌بێت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ی مه‌ترسین بۆسه‌ر ژینگه‌.
سه‌باره‌ت به‌  دیارده‌ی ئاودانی سه‌وزه‌ و به‌روبومه‌ كشتوكاڵییه‌كان به‌ ئاوی قورسی ماڵان، تاهیر عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند:  رێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك نادرێت به‌ئاوی قورسی ماڵان سه‌وزه‌ و به‌روبومه‌ كشتوكاڵییه‌كان ئاو بدات، ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌شی بڵاوكرایه‌وه‌ و هاووڵاتییه‌ك ئاوی قورسی بۆ كشتوكاڵ به‌كارده‌هێنا، ده‌ستگیركراوه‌ و سزای تونددراوه‌، رێگه‌ش به‌ كه‌س نادرێت ئه‌م كاره‌ بكات، له‌ بری ئاوی قورس هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌رچاوه‌ی ئاوی پاك بۆ ئه‌و جوتیارانه‌ دابین بكه‌ین و ئاسانكاری ته‌واویش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌كه‌ین.

 ن.ش