لایه‌نێكیتریش ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ره‌تكرده‌وه‌

یەک شەممە, 21 تشرینی یەکەم 2018 09:50

نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هاوشێوەی ئەنجامەکانی سەردەمی سەدام حسێنە و چەندە دەنگەکانی سەدام حسێن لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر ڕاستبوون دەنگەکانی پارتی و یەکێتیش هەر ئەوەندە ڕاستن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ ڕاگەیەندراوێکی لەباره‌ی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەم ئەنجامە گاڵتەجاڕییە راگەیاندراوانە، کە پارتی ٤٥ کورسی و یەکێتیی ٢١ کورسی-یان ھێناوە، ھەڵبژاردنە گاڵتەجاڕییەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٢ی عێراقمان بیردەخاتەوە، کە ١٠٠% دەنگدەرانی عێراق بەشدارییان تێدا کرد و سەدام حسێنیش رێژەی ١٠٠%ی دەنگەکانی بەدەستھێنا، بەڵام دوای کەمتر لە ساڵێک کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی ھێنرا. بۆیە، چەندە دەنگەکانی ئەوکاتی سەدام حسێن راست بوون، دەنگەکانی ئێستای پارتی و یەکێتیی و ژمارەی کورسییەکانیشیان، بە ھەمان ئەندازە راستن".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌: "ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەم ئەنجامانە رەتدەکەینەوە و بە بەشێک لەو مەھزەلەیەی دەزانین کە ٢٧ ساڵە جوت حزبی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان دا، بۆ سوکایەتیکردن و ساختەکردنی دەنگی راستەقینەی ھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیدەدەن".

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی