ده‌رچوانی 12ی ئاماده‌یی له‌ گردبوونه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌كانیاندا به‌رده‌وامن

21/10/2018 - 14:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دژ بە نەهاتنەوەى ناوەکانیان؛ دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی لە شاری هەولێر گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوونه‌وه‌.

ئەمڕۆ (یەکشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) دژ بە نەهاتنەوەى ناوەکانیان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەکی هەرێمى كوردستان، دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی گردبونەوەیان سازکردووە و بەشێک لەو خوێندکارانە دەڵێن ، خوێندکارانی  خولی دووەم زیانی زۆریان پێگەیشتووە و بەشێکی دیاریان لە زانکۆکان وەرنەگیراون سەرباری ئەوەى نمرەکانیان بەرزبووە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەگەرچی سکاڵایان تۆمار کردووە بەڵام وەڵامی سکاڵاکانیان نەدراوەتەوە.

سەرباری بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ زیادکردنی ١٦ هەزار کورسی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی،  ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە دەرچووانى ١٢ى ئامادەیی لە هەولێر و دهۆک و گەرمیان و سلێمانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن.

بەشێک لە دەرچووان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە بڕیاری وەرگرتنی ڕیژەی ٧٠% بۆ خولی یەکەم و ٣٠% بۆ خولی دووەم هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن ناهەقی بەرامبەر دەرچووانی خولی دووەم کراوە، "خولی دووەم هیچ حسابێکی بۆ نەکراوە و جیاوازی نێوان خولی یەکەم و دووەم ٢٠ نمرەیە".

هەفتەی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی وەرگرتنی فێرخوازانی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی بڵاوکردەوە.

ئەنجامەکەش ناڕەزایی بەشێک لە فێرخوازانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی لێکەوتەوە بۆیە وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاریدا دەرچووان بە شێوازى ئەلیکترۆنى و ئۆنلاین فۆرمى سکاڵا پێشکەش بکەن، کاتژمێر ١٢ى شەوی رابردووش 
واده‌ی تۆماركردنی سكاڵاكان كۆتایی هات .




ف.ق