ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنێكى نهێنى شەوی رابردووی پارتى و یه‌كێتیى بزانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن

یەک شەممە, 21 تشرینی یەکەم 2018 11:17

سەرتیپ وەیسی

كاتژمێر 6ى دوێنێ شه‌و 20ى تشرینى یه‌كه‌م، پارتى دیموكراستى كوردستان پێشنیاز بۆ یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان ده‌كات، تاوه‌كو له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ڕێكبكه‌ون، بۆ ئه‌مه‌ش مۆڵه‌تى چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م ده‌دات به‌و حزبه‌، یه‌كێتیش له‌ پێناو كه‌منه‌بوونه‌وه‌ى كورسییه‌كانى به‌ پێشنیازه‌كه‌ى پارتى ڕازى ده‌بێت و داوا له‌ نوێنه‌ره‌كانى ده‌كات واژوو له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.


پارتى و یه‌كێتیى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتن ده‌نگى 96 بنكه‌ى ده‌نگدان، كه‌ ده‌كاته‌ 119 هه‌زار ده‌نگ به‌ ته‌واوى پوچه‌ڵبكرێته‌وه‌ به‌ ده‌نگى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان، له‌كاتێكدا هه‌ریه‌ك له‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانه‌بوون به‌شێوه‌یه‌كى دادگه‌رانه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ پوچه‌ڵبكرێته‌وه‌ كه‌ ساخته‌ن واته‌ ته‌نها ده‌نگه‌كانى پارتى و یه‌كێتیى.


پارتى و یه‌كێتیى له‌سه‌ر ئاستى سه‌ركرده‌ باڵاكانیان له‌ ماوه‌ى كاتژمێر 6 بۆ 11 شه‌و له‌سه‌ر هێل بوون و به‌پرسانى پارتى به‌ یه‌كێتیان ڕاگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و ده‌ره‌نجامه‌كان ڕانه‌گه‌یه‌نرێ و نه‌یه‌نه‌ ژێربار، ئه‌وا به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ له‌ نێوشیان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕێكده‌كه‌ون له‌سه‌ر چاره‌نووسى 96 بنكه‌ى ده‌نگدان، چونكه‌ به‌ ڕازبوون له‌سه‌ر سوتاندنى ته‌نها ده‌نگه‌ ساخته‌كان، لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش واژوویان له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن ده‌كردو، به‌مه‌ش پارتى به‌بێ یه‌كێتیى ده‌یتوانى ئه‌نجامه‌كان په‌سه‌ند بكات.


به‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌و سوتاندنى ته‌واوى ده‌نگه‌كان پارتى كورسییه‌كى زیادكردو یه‌كێتیش ژماره‌ى كورسییه‌كانى به‌ 21 كورسى مایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ حاڵتێكدا ته‌نها ده‌نگه‌ ساخته‌كانى پارتى و یه‌كێتى هه‌ژمار نه‌كرابووایه‌، پارتى دوو كورسى له‌ ده‌ستده‌داو یه‌كێتیش دوو كورسى، له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ریه‌ك له‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نوێ و یه‌كگرتوو ژماره‌ى كورسییه‌كانى زیادیده‌كرد، ئه‌گه‌ریشى هه‌بوو هاوپه‌یمانیش ببێته‌ خاوه‌نى كورسییه‌ك، به‌و پێیه‌ى نرخى كورسى كه‌م ده‌بوویه‌وه‌و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ زۆرترین ماوه‌یان هه‌بوو.


دواى ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتیى ڕێككه‌وتن، كۆمسیۆن خشته‌یه‌كى ئاماده‌كراوى خسته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆن و دواجاریش به‌ 5 ده‌نگ ئه‌نجامه‌كانیان په‌سه‌ندكرد.


ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى شەوی رابردووی پارتى و یه‌كێتیى له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت و نه‌رمى نواندنى پارتى نه‌بوو به‌رامبه‌ر یه‌كێتیى، به‌ڵكو ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بوو هه‌ردوولا كورسییه‌كانیان كه‌م نه‌كات و گۆڵى خۆیان له‌ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده‌ هه‌رچوار ئه‌ندامه‌كه‌ى كۆمسیۆنى ده‌ره‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى به‌ درێژایى دوێنێ شه‌ممه‌ داواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نیان كردبوو، به‌ڵام تاوه‌كو هه‌ردووك لا ڕێكنه‌كه‌وتن كۆمسیۆن ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامبدا.