بڕیاری پێدانی مۆڵەتێك بە فەرمانبەران دەدرێت

سێ شەممە, 06 تشرینی دووەم 2018 06:08

 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە چەند مەرجێك مۆڵەتی خوێندن بە فەرمانبەران دەدات. بەرپرسێكیش روونكردنەوە لەمبارەیەوە دەدات.

نەزهەت سالح، راوێژكاری قوتابیان و خوێندنی باڵا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەری كێشەی مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەرانی كردووە، گوتی:" ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران بە پێی ماددە 50ی یاسای خزمەتی شارستانی مامەڵە بكرێت و مۆڵەتی خوێندن بەو فەرمانبەران بدا".

بە پێی ماددە 50ی ئەو یاسایە وەزیری پەیوەندار بە رەزامەندی وەزیری دارایی بۆی هەیە مۆڵەتی خوێندن بداتە فەرمانبەر بۆ ماوەی دوو ساڵ بە مووچەی تەواو، بەو مەرجەی سێ ساڵ خزمەتی تەواو كردبێت، هەروەها ئەوەی پێنج ساڵ خزمەتی هەبێت بۆی هەیە دوو ساڵی تریش مۆڵەت وەربگرێت.

ئەو مۆڵەتەی وەری دەگرێت بۆ خزمەتی خانەنشینی و خزمەتەكانی تر ئەژمار دەكرێت.
راوێژكارەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا مەرجێكی پێدانی مۆڵەتی خوێندن ئەوەیە كە دەبێت ئەو وەزارەتەی فەرمانبەرەكەی تیایە پێویستیان بەو پسپۆڕیە هەبێت كەوا فەرمانبەرەكە بۆی دەخوێنێت، وتیشی:" بەپێی رێنماییەكە دەبێت فەرمانبەر پسپۆڕیەتیەكەی بگونجێت لەگەڵ ئەو فەرمانگەیەی كەوا كاری بۆ دەكات بۆ نمونە كەسێك لە وەزارەتی كشتوكاڵە ناكرێت ئەو كەسە بچێت لە بوارێك بخوێنێت كەوا دووربێت لەكارەكەی".
نەزهەت سالح، دووپاتی كردەوە ئەوانەی پێشووش مۆڵەتی خوێندنیان هەیە بڕوانامەكانیانبۆهەمواردەكرێتەوە، وتی:" ئەوانەی پێشوو،ناونیشانیان دەگۆردرێت و بڕوانامەیەكەیان بۆ ئەژمار دەكرێت و دەرماڵەی ئەو بڕوانامەشیان پێ دەدرێت كە بە دەستیان هێناوە، بۆ مۆڵەتی تازەش ئەوە بە پێی یاسای خزمەتی شارستانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".
روونی كردەوە ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە و مۆڵەتی خوێندنیان نیە، بڕوانامەی بەرزتریان بۆ ئەژمار ناكرێت.

ئاشكرای كرد داواكاریەكی زۆر بۆ ئەنجومەنی وەزیران هاتووە بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن و زۆربەی داواكاریەكانیش لە لایەن وەزارەتی پەروەردەیە، گوتیشی:" ئەو فەرمانبەرەی مۆڵەتی خوێندنی هەبێت و لە دەروە بخوێنێت بڕوانامەكەی بۆ ئەژمار دەكرێت بەو مەرجەی ئەو زانكۆیەی لێی دەخوێنێت لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان دانپێندراو بێت".
لەسەرێكی تر ئەو بەرپرسەی حكوومەت، ئەوەی خستەڕوو تاوەك ئێستا پڕۆژەی تواناسازی نەكراوەتەوە چونكە ئێستا ژمارەیەك قوتابی لە دەرەوە ماون تەواوی بكەن، وتیشی:" ئەگەر بارودۆخی دارایی حكوومەت باش بكرێت ئەوە تواناسازی بە شێوازی تر دەكرێتەوە، ئێستاش زەمالەی خوێندن هەیە، بەڵام ژمارەكەی زۆر نیە".
ساڵح، ئاشكرای كرد، ئەنجومەنی وەزیران خەریكی گەڵاڵەكردنی رێنماییەكی تایبەتە بۆ چۆنیەتی مۆڵەتی خوێندن، بە تایبەت لە زانكۆكانی دەرەوە.