کوردستان“هیچ گرەنتییەك نییە ئەمجارەش وەزیرەكانی گۆڕان دەرنەكرێن”

پێنج شەممە, 08 تشرینی دووەم 2018 08:02

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت” بۆ بەشداری كردن لە حكومەت گۆڕان پێویستی بە سێ گفتوگۆ هەیە، بەڵام ئێستا زووە ئێـمە قسە لەسەر ئەوە بكەین كە بڕیارمان داوە لەسەر بەشداری كردن لەحكومەت یاخود بڕیارمان نەداوە، كۆی ئەم گفتوگۆیانە ئەگەر ئەنجامی هەبێت دەچێتە جڤاتی نیشتمانی و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت بەڵام ئەمجارە بە پێ خاوسی ناكەوینە ناو حكومەتەوە”.

عەبدولڕەزاق شەریف بۆ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت “هەتا ئەم ساتەی من قسەی تێدا دەكەم پارتی و یەكێتی هیچیان نەگۆڕاوە لە عەقڵیەتی بیركردنەوەیان، ئەو ئاماژانەی كە لەگەڵ ئێـمە و خەڵكیش مامەڵەی پێدەكەن هەمووی ئاماژەی نەگۆڕینی ئەوانە بۆیە هیچ گرەنتییەك نییە بۆ ئەوەی ئەمجارەش وەزیرەكانی گۆڕان لەحكومەت دەرنەكرێن، ئەوەش نییە بە بەڵێنی هیچ كەس و لایەك هەڵخەڵەتێین، بەڵام ئەمە ململانێی سیاسییە و لەململانێی سیاسی گرەنتی نییە، هەموومان لەكەشتییەكداین لەو ململانێیەش بەردەوام دەبین.”

عەبدولڕەزاق شەریف وتیشی “ڕەنگە ناڕەزایی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بۆ ئێمە زۆر پێوەر نەبێت بۆ بڕیاردان لە جڤاتی نیشتمانی، بەڵام نەك هەر لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئەو دەنگە ناڕازییە هەیە بەڵكو لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش و جڤاتی نیشتمانیش ئەو بۆچونە هەیە كە گۆڕان بەشداری حكومەت نەكات”.

وتیشی” بابەتەكە دوو دڵی گۆڕان نیە لەبەشداری كردن یاخود بەشداری نەكردن لەحكومەت، بەڵكو ئەوەی لای ئێمە گرنگە بەرنامەی حكەمەتەكەیە كە چ گۆڕانكاریەك لەڕووی ئابوری و سیاسی دەكات.”