لەسەر كێشەی زانكۆكانی ناوچە جێناكۆكەكان ڕونكردنەوە دەدرێت

پێنج شەممە, 08 تشرینی دووەم 2018 10:01

 

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت: چارەسەركردنی كێشەی زانكۆكانی ناوچە جێناكۆكەكان، بەستراوەتەوە بە كواڵێتی و مەرج و ڕێنماییەكانی وەرگرتن لەم زانكۆیانە.


وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە، ڕایگەیاند: دوای ئەوەی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم و ناوەند یاداشتنامەی لێكگەیشتنیان لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا ئیمزاكرد، ‌ یاداشتەكە چەندین تەوەری گرنگی لەخۆگرتوه, كە تایبەتن‌ بە بوارەكانی (ئەكادیمی و زانستی، توێژینەوە و مەشقكردن، ڕۆشنبیری و پەرەپێدان), دوای ئیمزاكردنی یاداشتەكەش پێویستە هەردوو وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەی تازەی حكومەتی عێراقی میكانیزم بۆ جێبەجێكردنی یاداشتنامەكە دابڕێژن بۆ پابەندبون و داڕشتنی نەخشەڕێگەی جێبەجێكردنی سەرجەم برگەو مادەكان.

 

سەبارەت بەخاڵێكی نێو یاداشتەكە كە تایبەتە بە چارەسەركردنی كێشەی كۆلێژە زانكۆییەكانی ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: دوای ئیمزاكردنی یاداشتەكە مانای ئەوە نیە بەبێ بونی مەرجی زانستی و كواڵێتی وەزارەتەكەمان متمانە بەو زانكۆیانە ببەخشێت، بەڵكو كێشەی ئەم زانكۆیانە پەیوەندیدارە بە ئاست و كواڵێتی خوێندن و پابەندبون بە مەرج و ڕێنماییە یاساییەكانی خوێندنی تایبەت كە لەگەڵ ستانداردەكانی خوێندن بگونجێت.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو: لە هەمانكاتیشدا لە یاداشتەكەدا هەمان ئەو مەرج و ڕێنماییانەی كە پێشتر جەختمان لەسەری كردۆتەوە بۆ ئەم زانكۆیانە باسكراون, بۆیە كێشەی ئەو زانكۆیانە بەستراوەتەوە بە هەبوونی كواڵێتی خوێندن و جێبەجێكردنی مەرج و ڕێنماییەكانی وەرگرتنی خوێندكاران و قوتابیان لەم كۆلێژە زانكۆییانەدا.

 

لە كۆتایشدا بەپێویستی دەزانین بە دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی و سەرجەم ئەو خوازیارانەی مەبەستیانە لەم كۆلێژە زانكۆییانە بخوێنن ڕابگەیەنین، كە بە وردی ئاگاداری هەموو ئەو مەرج و ڕێنماییانەی وەزارەتەكەمان بن, كە دایناوە بۆ وەرگرتن و دەستكردن بە پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا.

 

 

 

 

س ب