زانیارییەك ئاشكرا دەكرێت، پاشەكەوتی مووچە بەم جۆرە كۆتایی پێدێت

پێنج شەممە, 15 تشرینی دووەم 2018 06:05

 

 

ناردنی‌ پارەكەی‌ بەغدا بۆ هەرێم گۆڕانكاری بەسەردادێت و بڕەكەی‌ زیاد دەكرێت، سەرۆكی‌ ڕێكخراوی‌ یەكێتی مامۆستایانیش زانیاری‌ زیاتر لەوبارەیەوە ئاشكرادەكات و جەختیش لەوەدەكاتەوە، پاشەكەوت نامێنێت و مووچەی‌ مامۆستایان و فەرمانبەران ئاسایی دەبێتەوە.

(م. ئەحمەد گەرمیانی)‌ سەرۆكی‌ یەكێتی‌ مامۆستایان ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت دوای‌ پێكهێنانی‌ كابینەی‌ نوێی حكومەتی هەرێم سیستەمی‌ پاشەكەوت لەسەر مووچەی‌ مامۆستایان و فەرمانبەران هەڵبگیرێت، جگە لەوەش پاشەكەوتی‌ مووچەی مامۆستایان گۆڕانكاری تێداناكرێت، بەڵكو سیستەمی‌ پاشەكەوتی‌ مووچە بەیەكجاری لادەبرێت.

وتیشی‌: لەئێستادا داهاتی ناوخۆ زیادیكردوەو نرخی نەوتیش لەبازاڕەكانی‌ جیهاندا بەرزبۆتەوە، ئەوەش وایكردووە دوای‌ پێكهێنانی‌ كابینەی‌ نوێی حكومەتی‌ هەرێم، گۆڕانكاری لەپاشكەوتی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران و مامۆستایاندا بكرێت و سیستەمی پاشەكەوتی‌ مووچە بەیەكجاری لاببرێت.

سەرۆكی‌ ڕێكخراوەكە ئاشكراشیكرد، بەگوێرەی‌ ئەو زانیاریانەی‌ بەدەستیانگەیشتووە، ئەو (317) ملیار دینارەی‌ لەلایەن حكومەتی‌ عێراقەوە بۆ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم ڕەوانەكراوە لەپێشتردا گۆڕانكاری تێدادەكرێت.

لەو ڕوەشەوە ناوبراو بۆ ئێس ئێن ئێن وتی‌: بڕەكەی‌ زیاد دەكرێت، بەجۆرێك كە (48) ملیار دیناری‌ دیكە بۆ هەرێم زیاد دەكرێت بەتایبەت دوای‌ یەكلاكردنەوەی‌ بودجەی‌ (2019) ی عێراق.

ئەوەشی‌ وت: ئەگەر ئەو پارەیە زیادبكات، حكومەتی‌ هەرێم دەتوانێت كۆتایی بەسیستەمی‌ پاشەكەوتی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران و مامۆستایان بهێنێت و پێدانی‌ مووچە ئاسایی بكاتەوە.

 

 

ئـ . كـ