زانكۆی هەڵەبجە و پەیامی نوری ئێران یاداشتنامەی لێك تێشگەیشتن لەنێوانیاندا واژۆ دەكەن

دوو شەممە, 19 تشرینی دووەم 2018 12:47

 


لە درێژەی هەوڵەكانی زانكۆی هەڵەبجە بە ئاراستەی خزمەت بە ڕەوشی خوێندن و فراوان كردنی زانكۆ لە ڕووی بەستنی پەیوەندی نێو دەوڵەتی و ئەكادیمی لەگەڵ زانكۆكانی دونیا ، یاداشتنامەی لێك تێشگەیشتن لەگەڵ زانكۆی پەیامی نوری ئێران لقی كوردستان ئیمزا دەكات.


ڕۆژی دوشەممە بەرواری 2018/11/19 لە سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە بە سەرپەرشتی (د.تحسین عبدالكریم زەنگنە) سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە وئامادەبوونی (د. ئەسكەندەر مورادی) سەرۆكی زانكۆی پەیامی نوری ئێران/لقی كوردستان و ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و بەرێوەبەری چەند یەكەیەكی ئیداریی زانكۆ یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان زانكۆی هەڵەبجە و زانكۆی پەیام نور -لقی پارێزگای كوردستانی ئێران واژۆ كرا.


لە یاداشتنامەكەدا چەندین خاڵی گرنگی ئەكادیمی و زانستی و پەرەدان بە پەیوەندی و بەستنی كۆنفڕانسی زانستی هاوبەش و توێژینەوەی زانستیی هاوبەش لە نێوان مامۆستایانی هەردو زانكۆ و ئاڵوگۆڕی ستاف و چەندین خاڵی گرنگ هاتون كە خزمەت بە ڕەوشی خوێندن لە هەردوولادا دەكات.


هاوكات سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە وێڕای خۆشحاڵی خۆی بە واژۆكردنی ئەو یاداشتنامەیە نەشاردەوە كە ئەم هەنگاوە دەبێتە پردێكی پەیوەندی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی خویندكاران لە نێوان هەردو زانكۆدا و ئامادەیی زانكۆی هەلەبجەی پیشاندا بۆ پێشوازی لە خوێندكارانی زانكۆی ناوبراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە و بەپێچەوانەوە بەڵێنی ئەوەیدا كە بوار بۆ خوێندكارانی زانكۆی هەڵەبجە دەڕەخسێنن كە سەردانی زانكۆی پەیام نور بكەن ، بەمەبەستی سەردانی زانستی و درێژەدان بە خوێندن لەو زانكۆیە.


لای خۆیەوە سەرۆكی زانكۆی پیام نور – لقی كوردستان سوپاسی بێ پایانی خۆی و زانكۆكەی بۆ زانكۆی هەڵەبجە دوپات كردەوە كە بەو شێوە دڵسۆزانە بەڕویانەوە هاتن و هیوای خواست كە واژۆكردنی یاداشتنامەیە ببێتە دەسپێكی پەیوەندیە ئەكادیمیەكانی هەردوو زانكۆ.


أ.س