مووچەی سەدان هەزار فەرمانبەر لەهەرێم کەمدەکرێتەوە

شەممە, 01 کانونی یەکەم 2018 06:03

 

 

حکومەتی هەرێمی لە پلانیدایە مووچەی فەرمانبەران لەرێگەی پڕۆژەیاسای چاکسازییەوە کەمبکاتەوە، ئەویش بە بڕینی بەشێک لە دەرماڵەی فەرمانبەران.


سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "حکومەت لە پلانیدایە دەرماڵەی سەرجەم فەرمانبەران رێکبخاتەوەو جیاوازیی لەنێوان فەرمانبەراندا نەهێڵێت".

 

لەوبارەیەشەوە بە سایتی دواڕۆژی وتووە: "مووچەی بەشێک لە کارمەندانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و کارەبا و تەندروستی و بەشێکی وەزارەتەکانی دیکەش کەمدەکرێتەوە".

 

راشیگەیاندووە: بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا جیاوازیی ناهێڵرێت و تەنیا مامۆستایان و (موعید)ەکان ئەوانەی کە لە یەکەم و دووەم و سێهەمەکانی زانکۆ بوون، دەرماڵەی خۆتەرخانکردنیان پێدەدرێت و ئەوانی دیکە دەبڕێت و ئەو ناونیشانی وەزیفیانەی لە وەزارەتەکانی تر هەیە دەرماڵەکانیان دەبڕدرێت.

 

تایبەت بە وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: " تەنیا ئەو کەسانەی پیشەی مامۆستایان هەیە، دەرماڵەی 150 هەزار دینارییەکە وەردەگرن و بۆ کارمەندانی وەزارەتەکە دەبڕدرێت".

 

ئاماژەشی بەوە داوە: لە وەزارەتی کارەبا دەرماڵەی مەترسی دەدرێت تەنیا بەو کەسانەی بە فیعلی مەترسییان لەسەرە، نەک سەرجەم کارمەندانی ئەو وەزارەتە.