كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت ئاشكرا كرا

05/12/2018 - 14:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان داوای "دوو جێگر و سەرۆكایەتییەك لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكات"، هاوكات ناوی كاندیدەكانیش بۆ ئەو پۆستانە ئاشكرا دەكرێن.
 


ماڵپەڕی روداوو لەهەواڵێكدا بڵاویكردۆتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای دوو جێگر و سەرۆكایەتییەك دەكات، جێگری سەرۆكی هەرێم، كە كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە بەپێی زانیارییەكانی رووداو قوباد تاڵەبانییە، بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت دوو كاندید هەن، ئەوانیش حاكم قادر و دەرباز كۆسرەت رەسوڵە، هاوكات داوای سەرۆكی پەرلەمانیش دەكەن، بۆ ئەو پۆستەش دوو كاندید هەن، ئەوانیش بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەقە، لە وەزارەتەكانیش داوای وەزارەتەكانی پێشمەرگە و داراییان كردووە.


لەبارەی بەربژێركردنیی لەلایەن حیزبەكەیەوە، قوباد تاڵەبانی لە توویتەر نووسیویەتی: "دەرگام لەهیچ پێشنیازێك دانەخستووە،‌ من چاوەڕوانی‌ گفتوگۆكانی‌ یەكێتیم لەگەڵ پارتی، یەكێتی‌ هەر ئەرك و لێپرسراوێتییەكم پێبسپێرێت جێبەجێیدەكەم".


لەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕەكە، ئەو داواكارییانەی یەكێتی هەیەتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئەو پشكانەیە كە بەشێكی بزووتنەوەی گۆڕانیش نیازیوایە وەریانبگرێت.


هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە رەنگە سبەی یان دوو سبەی ئەنجام بدرێت، بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەربژێرەكانیان بۆ پۆستەكان دەدەن، پاكێجێكیشیان ئامادەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی پارتی دانوستاندنی لەسەر بكەن، كە بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو شاندەی پارتی بێن بۆ سلێمانی.


ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژی دووشەممە 3-12-2018، پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێرەكانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت بۆ چوارساڵی داهاتوو یەكلایی كردەوە و نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەت كاندید كران.