بۆ مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران نوسراو بۆ بەغدا كرا

پێنج شەممە, 06 کانونی یەکەم 2018 05:56

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نوسرای فەرمی داوای بودجەی سێ مانگی مووچەی فەرمانبەرانی لە بەغدا كردووە، كە بڕەكەی 952 ملیار دینارە، كە لەو 317 ملیار دینارەی ڕەوانە دەكرا، 3 بودجە لە 2018 نەنێردراوە.

بەپێی هەواڵێكی (باسنیوز) كە لە زاری سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڵاویكردۆتەوە، “حكومەتی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی فەرمی كردووە بۆ حكوومەتی عیراق بۆ پێدانی 952 ملیار دیناری بودجەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان”.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، دەبوو عیراق تا كۆتایی ئەمساڵ 12 بودجەی بۆ مووچەی مانگانەی فەرمانبەران ڕەوانە بكردایە، تا ئێستا تەنها 9 مانگ ڕەوانە كراوە، لەو 317 ملیار دینارەی ڕەوانە دەكرا، 3 بودجە لە 2018 نەنێردراوە، بۆیە بە نوسراوی فەرمی حكومەتی هەرێم داوای كردووە لە ساڵی 2019 ئەو بڕە پارەیە قەرەبووی هەرێمی كوردستان بكاتەوە”.

بڕی پارەی ئەو سێ مانگە دەكاتە زیاتر لە 952 ملیار دینار، كە زیاترە لە پارەی مووچەی مانگێكی فەرمانبەرانی كوردستان، كە ئێستا پێویستی بە 725 ملیار دینارە، بۆیە ئەگەر ئەو پارەیە بدرێتە حكوومەتی هەرێَم وەكو مووچە دەدرێتەوە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چاوڕوانی بەغدان بە فەرمی وەڵامیان بداتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە ڕۆژی 19ی 3ی 2018 ، یەكەم وەجبەی ٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن دینارەكە لەلایەن عێراقەوە لە ڕێگەی لقی بانكی ناوەندی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان نێردرا، پارەكە مانگانە دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان.