له‌ كۆنفراسی داهاتودا گۆران به‌رپرسی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌ی ناگۆرێت

پێنج شەممە, 06 کانونی یەکەم 2018 13:35

 ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشكرای ده‌كات ، له‌كۆنفرانسی نیشتمانی حزبه‌كه‌یدا كه‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی دراوه‌ گۆڕانكاری له‌ڕێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌ڕاندندا ناكرێت، وه‌ له‌باره‌ی به‌شداریكردنی بزوتنه‌وه‌كه‌شه‌وه‌ له‌حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم رایده‌گه‌ینێت : تا ئێستا بڕیار نه‌دراوه‌.

عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان راگه‌یاند: بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی ئەركی پێداچونەوەیە بە كاروباری چوار ساڵی رابردو لە ئەدا و بەرنامەی سیاسی گۆڕان و كاری رێكخراوەیی و بەرنامە و پڕۆژە دانان بۆ چوار ساڵی ئایندە، ئەركێكی تری پێداچونەوەیە بە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر بە پراكتیك كێشە و كەموكوڕییەك هەبوبێت لە دەستورەكەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بۆ هەمواركردنەوەی،كۆنفرانسەكە بە هۆی كۆچی دوایی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دواكەوتوە، ئێستا ژوری هەڵبژاردن لەناو گۆڕان ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو كۆنفرانسە دەستپێكردوە و ماوەی دو مانگیان دەوێت بۆ ئامادەكارییەكان، بەو هۆیەشەوە كۆنفرانسەكە دەكەوێتە ساڵی داهاتو.

به‌رپرسه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران  سەبارەت بە دەسەڵاتی گۆڕانكاری بەرپرسانی باڵای حزبەكە لەم كۆنفڕانسەدا رایگه‌یاندوه‌،ئەركی كۆنفرانسەكە گۆڕانكاری دەبێت لە بەرنامە و پەیڕەو و دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، گۆڕینی كەسی یەكەم و خانەی راپەڕاندن و سەركردایەتی گۆڕان لەم كۆنفرانسەدا ناكرێت و ئەو گۆڕانكارییانە لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكاندا دەكرێت كە هەر شارێك نوێنەری خۆی بۆ جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێرێت، رێكخەری ژورەكان لەسەر پێشنیاری سكرتێری ژورەكان و دوای پەسەندكردنیان لە لایەن جڤاتی نیشتمانی و رێكخەری گشتی دادەنرێن، هەروەها گۆڕانكاری لە رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان دوساڵ جارێك دەبێت و مانگی تەمموزی ساڵی داهاتو وادەكەی كۆتایی دێت.

 ده‌رباره‌ی به‌شداری كردنیان له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم ، ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئه‌وه‌ی بۆئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵ ئاشكرا كردوه‌، دوای ئەوەی پارتی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلایی كردەوە، هەنگاوی دوەم پێویستە ئەو كاندیدەی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بهێنێت و دادگای باڵا ئەو كاندیدە بۆ ئەو ئەركە رابسپێرێت، ئەو كات ئەو كاندیدە و تیمەكەی دێن و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكەن،وەك بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا هیچ بڕیارێكی بۆ چونە ناو حكومەت یان نەچون نەداوە، جڤاتی نیشتمانی دوایین بڕیار دەدات لەو بارەیەوە.

 جێگه‌ی ئاماژه‌ بۆكردنه‌،لە دوایین كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، بڕیاری ئەنجامدانی كۆنفڕانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان درا.