ژووره‌ VIPیه‌كه‌ی هاتوچۆی هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ر هات

09/12/2018 - 14:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

به‌هۆی دروست بوونی ئه‌و ناره‌زایانه‌ له‌ سه‌ر كردنه‌وه‌ی ژووری ڤی ئاپی له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هاتوژۆی هه‌ولێر بریار درا به‌ داخستنی و گۆرنی ناوی بۆ سه‌رنته‌ری خزمه‌تگوزاری خێرا ی تایبه‌ت به‌ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمه‌گه‌ و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت.

سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند : "بەهۆی ئەو قەرەباڵخییەی کە لە هاتووچۆی هەولێر دروستبووە 6 مانگ پێش ئێستا بڕیارماندا بە دروستکردنی ئەو خزمەتگوزارییە خێرایە و سێ مانگیشە تەواو بووە بەڵام نەکرایەوە و ئێستاش ناچاربووین بۆ ئەوەی هەندێک لەو قەرەباڵخییە کەمبکەینەوە کاری پێبکەین".

سامی جەلال هەروەها گوتی: لەدوای ناڕەزایەتییەکان دەستمانکردەوە بە تاوتوێی ئەو پرسە و گەیشتینە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:

1-ماوەی دەوامکردن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رۆژانە تاوەکو کاژێر 18:00 درێژدەکرێتەوە و هاونیشتمانیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بکەن بۆ راییکردنی کارەکانیان و ئەم بڕیارە لە رۆژی دووشەممە 9-12-2018 ـەوە جێبەجێ دەکرێت. لەسەر راسپاردەی وەزیری ناوخۆ پێویستە کاری هاونیشتمانیان ئەگەر بەڵگەکانیان تەواو بوو لە هەمان رۆژ تەواو بکرێت.

2- بڕیاردرا بە گۆڕینی ناوی سەنتەرەکە بە سەنتەری خزمەتگوزاری خێرا و لە رۆژی دووشەممە 9-12-2018ـەوە دەستبەکار دەبێتەوە، بەڵام بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە مەرجێک ناسنامەی وەزارەتی شەهیدانی پێبێت کە وارسی شەهیدە، هەروەها بۆ خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بە مەرجێک کە ناسنامەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی پێبێت کە خاوەنپێداویستی تایبەتە بەبێ بەرامبەر کەڵک لەو سەنتەرە خزمەتگوزارییە وەردەگرن.

3- ئەو توێژانەی دیکە وەک پێشمەرگە کە پارێزگارییان لە کوردستان کردووە دەتوانن بە هەمان رسووماتی 5 هەزار دیناری کە لە هاتووچۆی هەولێر وەردەگیرێت سوود لەو سەنتەرە وەربگرن.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌ی ئایا کەسانی ئاسایی بە پارەی زیاتر دەتوانن سوودمەندبن لەو سەنتەرە، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە لە رۆژێکدا تەنیا دەتوانرێت مامەڵەی نزیکەی 70 هاونیشتمانی تێدا ئەنجام بدرێت، بۆیە تەنیا تەرخاندەکرێت بەو توێژانەی کە لەسەرەوە ناویان هاتووە و کەسی دیکە بۆی نییە لەو سەنتەرە سوودمەند بێت".