یه‌كێتی داوا ده‌كات له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقی به‌شداری پێبكرێت

دوو شەممە, 10 کانونی یەکەم 2018 13:39

سه‌باری ناره‌زایه‌تیه‌كان له‌و كاندیدانه‌ی كه‌ عادل عه‌بدلمهدی پێكه‌شی كردووه‌ بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی به‌ڵام تائێستا عادل عەبدولمەهدی ئامادە نییە ناوی كاندیدەكان بگۆڕێت و لایخۆشه‌یوه‌ یه‌كێتی داوا ده‌كات له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقی به‌شداری پێبكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وەفدێكی یەكێتی بۆ گەیاندنی دواین پەیام بە لایەنەكانی عیراق، سەردانی بەغدا دەكات.

پەرلەمانتارێكی ئەو حزبەش لەئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت: عادل عەبدولمەهدی راشكاوانە بەوەفدی یەكێتی وتووە كە مەسعود بارزانی داوایكردووە، پۆستی وەزارەتی داد بدرێت بەكەسێكی بێلایەن.

وەفدێكی یەكێتی كە پێكهاتوون لەبافڵ تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی، خالید شوانی و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامانی سەركردایەتی، لەبەغدا لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەو گفتوگۆ لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان و كێشەی وەزارەتی داد كراوە.

شیروان میرزا قادر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە تۆری هه‌واڵی سلێمانی راگەیاند: وەفدەكە پەیامی ئەوەیان گەیاندۆتە لایەنە عیراقییەكان كە پێشتر عادل عەبدولمەهدی بەڵێنی ئەوەیداوە وەزارەتێك بدات بەیەكێتی و لەسەر ئەو بنەمایەش دەنگمان بە 14 وەزیرەكەی دیكە داوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا لەژێرفشاری هەندێك لایەن پەشیمان بۆتەوە.

وتیشی: "نوری مالكی و عادل عەبدولمەهدی ئەوەیان نەشاردۆتەوەو بەوەفدەكەی یەكێتییان راگەیاندووە، كە مەسعود بارزانی داوایكردووە پۆستی وەزارەتی داد بدرێت بەكەسێكی بێلایەن، وەكو یەكێتی كێشەمان لەسەر دانانی دارا نورەدین نییە، بەڵام بەئیستیحقاقی خۆمانی دەزانین وەزارەتێك وەربگرین".

راشیگەیاند: تائێستا عادل عەبدولمەهدی ئامادە نییە ناوی كاندیدەكان بگۆڕێت و وتویەتی هەر ئەو ناوانە پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، ئێمەش چاوەڕێی سێشەممەی داهاتوو دەكەین، بەڵام وەكو یەكێتی ئامادە نین دەنگ بەو وەزارەتانە بدەین، ئەگەر وەزیرەكەی یەكێتی تێدا نەبێت.

 

ر.ق