وەزارەتی پێشمەرگە مەترسییەکی گەورەی ڕاگەیاند

سێ شەممە, 11 کانونی یەکەم 2018 06:41

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕایگەیاند، مه‌ترسی داعش رۆژ به‌ رۆژ ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كات و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یش ئاماده‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یانن.

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی بە وشەی وتووە مه‌ترسی داعش هێشتا هه‌ر ماوه‌، چونكه‌ هێشتا له‌ ناوچه‌كانی عێراق و سوریا به‌رده‌وامن له‌ كرده‌ی تیرۆرستی و له‌ سوریا شه‌ڕی قورس له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌كه‌ن.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت" ئه‌و ناوچانه‌ی سنووری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌بوون به‌رانبه‌ر به‌ داعش هه‌ر له‌ جێگه‌ی خۆیان ماون و هه‌ر هه‌وڵێكی دزه‌كردنی داعش هه‌بێت بۆ هاتنه‌ ناو خاكی هه‌رێمه‌وه‌ لێیان ده‌درێت".

هەروەها وه‌ستا ره‌سووڵ فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ جەخت دەکاتەوە كه‌ داعش رۆژ له‌ دوای ڕۆژ مه‌ترسییه‌كانى له‌ عێراق زیاد ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌ كه‌ركووك كه‌ ئێسته‌ به‌هۆی نه‌مانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و سنووره‌ جموجووڵیان زیادی كردووه‌.