میكانیزمێكی دابه‌شكردنی موچه‌ له‌ساڵی داهاتوو ده‌خرێته‌ڕوو

15/12/2018 - 08:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی موچه‌ له‌ ساڵی داهاتوو، په‌یامێك ئاراسته‌ی وه‌زیری دارایی ده‌كات، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: پێویسته‌ له‌ساڵی داهاتووه‌وه‌و موچه‌ی مانگی یه‌ك بدرێت و موچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ئه‌مساڵیش به‌میكانیزمێك له‌گه‌ڵ موچه‌ی مانگه‌كانی ساڵی داهاتوو دابه‌شبكرێت.

عه‌تا ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان رایگه‌یاند: له‌قسه‌كانی رۆژی 11ی 12ی 2018ی رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم، تێگه‌یشتین كه‌ شتێكی شاراوه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام نایانه‌وێت ئاشكرای بكه‌ن، نیازیان هه‌یه‌ موچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ئه‌مساڵ پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ستكاری موچه‌و لابردنی پاشه‌كه‌وت دوابخه‌ن.


ناوبراو وتیشی: "حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی، فێڵێكی دیكه‌ له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی موچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ ده‌خه‌نه‌ ساڵی داهاتوو، له‌مانگه‌كانی (1، 2، 3)ی 2019، موچه‌ی مانگه‌كانی (10، 11، 12)ی ساڵی 2018 دابه‌شده‌كه‌ن، له‌دوای مانگی سێی ساڵی داهاتووه‌وه‌ ره‌نگه‌ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ لاببه‌ن".


راشیگه‌یاند: به‌نیازین له‌م رۆژانه‌دا سه‌ردانی وه‌زیری دارایی بكه‌ین و له‌نزیكه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، به‌ڵام قه‌ناعه‌تمان وایه‌ له‌سه‌روو وه‌زیری داراییه‌وه‌و له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیار له‌سه‌ر موچه‌و بابه‌ته‌ داراییه‌كان ده‌درێت.


جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایان له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "په‌یامی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ وه‌زیری دارایی كه‌ موچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ پاشه‌كه‌وت نه‌كرێت، له‌هه‌مانكاتیشدا له‌مانگی (1)ی ساڵی داهاتووه‌وه‌ موچه‌ی مانگی یه‌ك بدرێت، هه‌وڵیش بدرێت موچه‌ی مانگه‌كانی (10، 11، 12)ی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ مانگه‌كانی ساڵی داهاتوو بدرێت".