یه‌كێتی هه‌ره‌شه‌ده‌كات و پارتیش تۆمه‌تبار ده‌كات

یەک شەممە, 16 کانونی یەکەم 2018 13:58

 

بەمەبەستى گەیاندنى ناڕەزایەتى لە بەردەوامیى دۆخى ئەو شارە، مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى ئامادەکارى دەکات بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن. جێگرى لێپرسراوى مەڵبەندەکەش جگە لە تۆمەتبارکردنى پارتى بەوەى هۆکارى ئەو دۆخەیە کە بەسەر شارەکەدا هاتوە، دەڵێت:"هەمو بژاردەکان لە بەردەمماندا کراوەیە".

رەوەند مەلا مەحمود، جێگرى لێپرسراوى مەڵبەندى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە کەرکوک، لەبارەى هەڵوێستى حیزبەکەى لەسەر بەردەوامیى دۆخى کەرکوک و ئەوەى کە دەوترێت بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتى بەشێوەیەکى رێکخراو و بە فەرمى پەنا بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن دەبەن، بە سبەى راگەیاندوه "دەمێکە چاوەڕوان دەکەین ئەم بارودۆخەى کە ئێستا لە کەرکوکدایە بەپێى دەستور و یاسا بەڕێوە بڕوات، دەمێکیشە چاوەڕوانى هەڤاڵانى پارتى دەکەین بۆئەوەى پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێین، بەڵام بەداخەوە کە پارتى دیموکراتى کوردستان سەربارى ئەوەى هۆکارى سەرەکى ئەوە بو کە کەرکوک توشى ئەو کێشە قورسانە هات، لەگەڵ ئەوەشدا ئیستا دەچنە بەغدا و لاى مەرجەعیە دینییەکان بۆ چارەسەرى کێشەکانى خۆیان، بەڵام تائێستا قسەیەکى کوردانەیان لەسەر کەکوک نەکردوە و موماتەڵە دەکەن، بۆیە ئیمەش هەوڵێکى جدى دەدەین لەگەڵ عەرەب و تورکمان و لایەنەکانى دیکە بۆئەوەى پێکەوە پارێزگارێکى نوێ دابنێین".

گرتنبەرى ئەو هەڵوێستانەی یەکێتی لەکاتێکدایە کە لەماوەى رابردودا پارێزگار و زۆربەى پۆستەکانى ئەو شارەیان بەدەستەوە بوە و باڵادەستى یەکەم بوون لە کەرکوک، بەڵام لەدواى روداوەکانى (16)ى ئۆکتۆبەرەوە كه‌ یه‌كێتی پێی تۆمه‌تبار ده‌كرێت نەیانتوانیوە پۆستى پارێزگار بگرنەوە دەست.

 

ر.ق