چەند زانیاریەك لە بارەی خەرجكردنی دەرماڵەكانی مامۆستایان ، وەزارەتی پەروەردە: هەموو دەرماڵەكان خەرج دەكرێن

سێ شەممە, 18 کانونی یەکەم 2018 06:00


بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردە لە بارەی دەرماڵەكانی مامۆستایان چەند زانیاریەك ئاشكرا دەكات و روونی دەكاتەوە هەموو دەرماڵەكان خەرج دەكرێن و ئەو دەرماڵەیشی بڕدرابوو دووبارە دەست بە خەرجكردنەوەی كراوە.


مەریوان بەگۆ ،بەرێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی رايگەیاندوه دەرماڵەكانی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبێت،هیچ بڕیارێك لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی نیە بۆ ئەوەی دەست لە دەرماڵەكانی مامۆستایان بدرێت، گوتی: " دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردە نیە پێداچوونەوە بە دەرماڵەكاندا بكات بەڵكو ئەوانە هەمووی بە پێی رێنمایی دارایی خەرج دەكرێت و هیچ رێنماییەك نیە تاوەكو دەرماڵەی مامۆستایان دەستكاری بكرێت".


جەختیشی كردەوە بۆ ساڵی داهاتووش فەرمانی خەرجكردنی دەرماڵەكان تازە دەكرێنەوە.


ئاشكراشی كرد ئەو 150 هەزارەی دەدرێتە هەموو مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە جێگیرە و دەرماڵەیەكی بڕاوەیە و كاتی خۆی لە ئەنجومەنی بڕیاری پێ دەرچووە.
روونیشی كردەوە لەگەڵ مووچەی ئەو مانگە و مانگەكانی تر دەرماڵەی هاتووچۆ خەرج دەكرێت، گوتیشی: " دەرماڵەی هاتووچۆ لە وەرزی كۆتایی خوێندن دەوەستێت، لەگەڵ مووچەی ئەو مانگە و مانگەكانی تر دووبارە دەست كراوەی بە خەیرجكردنەوەی، تەنها بۆ ئەوانە خەرج ناكرێت كە پاسیان بۆ گیراوە بۆ هاتووچۆكردنیان، بەڵكو ئەوانەی بۆ خۆیان هاتووچۆ دەكەن بۆیان خەرج دەكرێت".


دەرماڵەی جوگرافی و هاتووچۆی مامۆستیان لە سەنتەری شارەکان 30 هەزار دینار و لە سەنتەری قەزا و ناحییەکان 40 هەزار و لە گوندەکانیش 50 هەزاردینارە.


بەرپرسەكەی وەزارەتی پەروەردە پێیوایە وەزارەتەكەیان لە هەوڵدایە بۆ باشتركردنی گوزەرانی مامۆستایان" بۆ باشتركردنی گوزەران و مووچەی مامۆستایان هەرچیەك لە دەستمان بێت دەیكەین، وەزارەتی داراییش هەموو ئامادەییەكیان پیشانداوە بۆ هاوكاریكردنی وەزارەتی پەروەردە".


بەرپرسەكەی وەزارەتی پەروەردە و یەكێتی مامۆستایان دووپاتیان كردەوە داوایان لە حكوومەت كردووە پاش دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچە دووبارە بەرزو مووچەی مامۆستایان بكرێتەوە كە چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایی راگیراوە.


ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان،  رايگەیاندوه ئێستا مامۆستایان 75%ی مووچەكانیان وەردەگرن و 25%ی مووچەكانیان پاشەكەوتە، گوتی: " دەبێت پاشەكەوت هەڵگبگیرێت و مووچەش لەی 30 رۆژ دابەش بكرێت و دەستكاریكردنی دەرماڵەكانیش هێڵی سوورە".