سەبارەت بە هاوتاكردنی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 100 هەزار دیناری عێراق روونكردنەوە دەدرێت

18/12/2018 - 09:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەرسێكی بانكی ناوەندی عێراق لە هەرێمی كوردستان روونكردنەوە لە سەر كەمكردنەوەی بەهای دۆلار و گۆڕینەوەی پارەی كۆن بووی بازاڕەكان دەدات.

بە پێی زانیاریەكان دەنگۆیەیەك بڵاوبۆتەوە و باس لەوە دەكرێت بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دەكرێت بە 100 هەزار دیناری عێراق.

لەمباریەوەعابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق بە (باس)ی راگەیاندوه‌ سیاسەتی دراو لە عێراق لە لایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە رێك دەخرێت، وتی:" هیچ نوسراوێك بۆ ئێمە نەهاتووە باس لەوە بكات 100 دۆلار بەرامبەر بكرێت بە 100 هەزار دینار، گوێم لە هیچ زانیاریەكی لەو جۆرە نەبووە".
ئاماژەی بەوەشدا هەر بڕیارێك لە بانكی ناوەندی بۆ لقی ئەوان بێت ئەوان پابەندن ئە بڕیارانە جێبەجێ بكەن، بەڵام دووپاتی كردەوە هیچ شتێك لە ئارادانیە 100 دۆلار بەرامبەر بكرێت بە 100 هەزار دینار.

لە سەرێكی تر سەبارەت بە گلەیی و گازەندەی بەشی زۆری كاسبكاران و خەڵكی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سەر نەگۆڕینەوەی پارەی كۆن و دڕاو لە لایەن بانكی ناوەندی، عابد ساڵح گوتی: " بابەتەكە بەو جۆرە نیە هەر كەسێك لە خۆیەوە هاتە لای ئێمە پارەكەی بۆ بگۆڕین، بەڵكو لە رێگەی بانكەكان پارەی دڕاو كۆنە وەردەگرین و پارەی تازەتر دەدەینەوە خەڵك".
زۆربەی دراوەكانی جۆری 250ی و 500 ی و هەزاری و 5 هەزاری بەهۆی زۆری مامەڵە پێكردنەوە كۆن و خراپ بوونە.
ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی عێراق روونیشی كردەوە ئەوەی پارەی دڕا و كۆنی هەبێت دەتوانێت بە رێگای یاسایی خۆی سەردانی بانكە حكوومیەكان بكات و ئەوانیش ئاڵوگۆڕەكەیان بۆ دەكەن، گوتیشی:" گۆڕینەوەی پارەی كۆن و دڕاو دەستی پێكردووە، بەڵام ئەوەش بە پێی رێكاری یاسایی خۆی دەكرێت لە بانكە حكوومیەكان".
ئاماژەی بەوەدا قەبارەی پارە دڕوەكان زۆرە و پێویستیان بە پارەی زیاتر هەیە بۆ قەرەبۆكردنەوەی هاوڵاتیان.
پێشووتر بڕی 10% باج لە بەرامبەر گۆڕینەوەی پارەی دڕوا هەبوو بۆ نمونە لە 100 هەزاری دڕاو 90 هەزاری پارەی نوێ بە هاوڵاتیان دەدرایەوە بەڵام دواتر ئەو باجە هەڵگیرا.
عابد، ئەوەشی خستەڕوو خەڵك جۆری دراوە قەبارە گەورەكانی هەڵگرتووە ئاڵوگۆڕی زۆرتر بە دراوە قەبارە بچوكەكان دەكرێت، هاوكات لە كوردستان زۆرتر خەڵك بەو جۆرە كار دەكات و كارتی بانكی نیە، بۆیە ئەو دراونە دەدڕێن و كۆن دەبن.