دوایین زانیاری له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم

18/12/2018 - 16:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

حكومەتی عیراق بۆ مانگی داهاتوو بەردەوامی بەناردنی موچەی فەرمانبەران دەدات، بەڵام حكومەتی هەرێم لەو پارەیە موچەی مانگی 10ی ئەمساڵی پێ دابەشدەكات، پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت: ئەگەر بەشە بودجەی هەرێم بگاتە 12ترلیۆن دینار، ئەوا مانگانە ترلیۆنێك دینار بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرێت.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تۆری هه‌واڵی سلێمانی راگەیاند: تائێستا دیارنییە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2019 چەندە كە ڕەوانە دەكرێت، بەڵام بەپێی ئەو قسانە بێت بودجەكەی 12 ترلیۆن دینار بێت، ئەوا بەغدا مانگانە ترلیۆنێك ڕەوانە دەكات، لەحاڵەتێكیشدا ئەگەر یاسای بودجە پەسەند نەكرێت، یەك لەسەر دوازدەی ئەو بڕە پارەیە ڕەوانە دەكرێت.

سەبارەت بەڕەوانەكردنی پارە بۆ موچەی مانگی 1ی ساڵی 2019، وتیشی:"ئەگەر یاسای بودجە پەسەند بكرێت، ناردنی پارەكە زیاد دەكات و 317 ملیار دینارەكە نامێنێت، بەڵام ئەگەر ڕێكەوتنێكی دیكەی سیاسی نەكرێت ناردنی ئەو پارەیە بەردەوامی پێدەدرێت".

جەختیشیكردەوە، بەغدا لەناردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت، ئەوەشی وت:"لەگەڵ داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و داهاتی ناوخۆ دابەشكردنی موچە بەردەوام دەبێت و ڕاناوەستێت".

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی ئاشكراشیكرد: حكومەتی هەرێم تامانگی 3ی ساڵی 2019 دەیەوێت، بەهەمانشێوەی ڕابردوو موچە دابەش بكات، لەكاتێكدا ئەو پارەیەی ڕەوانە دەكرێت بۆ موچەی مانگی یەكە، نەك مانگی 10ی 2018.